سەرلێشێوانی یۆرگن کڵۆپ

23-01-2021
A+ A-
 
کێشەی سەرەکی لیڤەرپوول چییە؟ رەنگە هەر یەکێک لە ئێمە بایی ئەوە درک بە کێشەکانی دوای پێکانی ڤاندایک بکات، کە بەرۆکی تیمەکەی یۆرگن کڵۆپی گرتووە کە بۆچی ترسێنەرترین تیپی جیهان، کەوتووەتە نێو تەنگەژەیەکی گەورەوە. کێشەکە دابڕانی ڤاندایکە؟ بەڵێ. بەڵام سەرەکیترین کێشە دابڕانی ڤاندایکە؟ نەخێر... راستە ڤاندایک دڵ و گیانی تیپەکەیە، سەرچاوەی دڵنیاییە بۆ هێڵی بەرگری و زۆر جاریش لەکاتی جێبەجێکردنی تۆپە جێگیرەکان "فاوڵ- کۆڕنەر" رۆڵی بەرگریکارێکی گۆڵکەر دەبینێت، تەنانەت لەکاتی شکست، یان یەکسانبوون، رۆڵی هێرشبەر دەبینێ. با کەمێک لە کاریگەری دابڕانی ڤاندایک دووربکەوینەوە و جەوهەری کێشەکە درک پێبکەین. کێشەی سەرەکی لیڤەرپوول لاوازبوونی هێڵی ناوەندی یاریگایە، راهێنەر بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی هێڵی بەرگری و قەرەبووکردنەوەی شوێنی گۆمێز و ڤاندایک، سەنگ و کارایی هێڵی ناوەندی کردە قوربانی.
 
لیڤەرپوول لە رابردوودا کەمترین گوشاری لەسەر دروست دەبوو، هاوکات بە ئاسانترین شێوە گوشاری بەرزی دروست دەکرد. لە نیوە یاریگەی تیپی دژبەر تۆپیان وەردەگرتەوە و هەلی گۆڵکردنیان پێ دەچواند، چونکە هێڵی ناوەند چەکی شاراوە و راستەقینەی دەستی کڵۆپ بوو، لەکاتێکدا نە گۆڵکەر بوون، نە تەکنیکیان بەرز بوو، نە گۆڵدروستکەرێکی نموونەیی بوون، بەڵام باڵانسی نێوان دڵنیایی بەرگری و کارامەیی هێڵی هێرشبەریی بوون. کاتێک دەڵێم هێڵی ناوەند مەبەستم لە " هیندەرسۆن، فابینهۆ و ڤیناڵدۆم"ە، ئەو سێ یاریزانە شەڕی جەستەیی دەکەن، لە دۆخی بەرگریشدا بەشدارییەکی کارایان هەیە، لە دۆخی هێرشبردن ڤیناڵدۆم رۆڵی هێرشبەر دەبینێ و لە ناوچەی بەرگری تیپی دژبەر، وەکو چەکێکی شاراوەی تەکتیکی هێرشبەری، دەتوانێ مەترسی لەسەر گۆڵی تیپی دژبەر دروست بکات، کاتێکیش تۆپ بە تیپی دژبەرە، هەموو توانای خۆی بەگەڕ دەخات بۆ جێبەجێکردنی گوشارێکی پڕوکێنەر.

 

هەرچی هیندەرسۆنیشە هەمەکارەیە، ئەوە لە خۆڕا نییە ساڵی رابردوو خەڵاتی باشترین یاریزانی خولی ئینگلیزی پێبەخشرا. هیندەرسۆن پاڵپشتێکی گەورەی ئاڕنۆڵد بوو، لە کاتی ئۆڤەر، یان زۆر جار لەگەڵ ئاڕنۆڵد رۆڵی دەگۆڕییەوە. ئەوە هیندەرسۆن بوو باڵی راستی لیڤەرپوولی کارا کردبوو، نەیدەهێشت ئاڕنۆڵد شەکەت بێت و هەڵەی بەرگریی بکات. تەنانەت زۆرترین تۆپی ئاڕاستەی ئاڕنۆڵد دەکرد، نەیدەهێشت لە کەشی هەلدروستکردن داببڕێت، باری سەرشانی ئەو بەرگریکارەی سووککردبوو.
 
لە هەمووی گرنگتر هەموو دەستپێکی هێرشی لیڤەرپوول هیندەرسۆن لەگەڵ گۆمێز و ڤاندایک سیانەیەکی بەرگرییان دروست دەکرد، گەڕانەوەی هیندەرسۆن بەس بوو بۆ ئەوەی راستەوخۆ ئاڕنۆڵد و رۆبەرتسۆن وەکو دوو باڵی هێرشبەری مامەڵە بکەن و خەمی ئەو بۆشاییە زۆرەیان نەبێ کە لەوەختی سەرکەوتن بۆ نیوە یاریگای تیپی دژبەر دروست دەبێت. ئەگەر پشتیوانیی ئەم سێ یاریزانە خۆماندووکەرەی هێڵی ناوەند نەبایە، ئارنۆڵد و رۆبەرتسۆن وەرزی رابردوو نەیاندەتوانی ئەو ژمارە زۆرە گۆڵ دروست بکەن، چونکە بێخەم و دوور لە واجباتی بەرگری، زۆرترین ماوە لە ناوچەی مەترسی تیپی دژبەر جێگیر دەبوون.
 
بەهێزترین یانە لەسەر ئاستی هێڵی ناوەند، یانەی مانچێستەر سیتییە، هێزی ئەم یانەیە واتە هێڵی ناوەند، بەڵام هەمیشە بەرامبەر لیڤەرپوول رۆڵی هێڵی ناوەند سنووردار دەکرا. زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم قورسترین یاریی بۆ یاریزانانی هێڵی ناوەندی مان سیتی بەرامبەر لیڤەرپوولە، هۆکاری سەرەکیش ئەو جەنگی چاودێری و جەنگی جەستەییەی و جەنگی دەروونییەی نێوان هیندەرسۆن و فابینهۆ و ڤیناڵدۆمە بەرامبەر هێڵی ناوەندی سیتی و زۆر یانەی گەورەی دیکە.
 
ئێستا بەهۆی دابڕانی ڤاندایک و گۆمێز، کڵۆپ بۆ داپۆشینی کەلێنی هێڵی بەرگریی، هیندەرسۆن و فابینهۆی کردووە بە یاریزانی دڵی بەرگریی، بەمەش هێزی لەبەر هێڵی ناوەند بڕیوە. ئێستا وەکو ئەوە وایە فابینهۆ و هیندەرسۆنیشی لەدەستدابێ و سیستەمی تەکتیکی بەتەواویی شێواوە. دوورکەوتنەوەی ئەم دوو یاریزانە لە ئەرکی سەرەکییان، لیڤەرپوولی لە رووی دروستکردنی گوشاری بەرز لاواز کردووە، ریتمی خێرای دەستپێکردنی هێرشەکانی خاو کردووەتەوە، هیچ تیپێک وەکو رابردوو لە کاردانەوەی هێرشەکانی لیڤەرپوول ناتۆقێ، تەنانەت ستایڵی کڵۆپ کە گیگن پریسینگە، بە پلەی یەکەم پشتی بە ئیرادە و وزەی ئەم سێ یاریزانە دەبەستێت، هەموو گوشارێکی فێرمینۆ و مانێ کاتێک سەرکەوتووە کە هیندەرسۆن و ڤیناڵدۆم لەگەڵیان بەشداری بکەن، بۆیە دەبینی زۆربەی تیپەکان تووشی پڕوکان نابن و وەکو جاران لە رووی هزری و جەستەیی شەکەت نابن و بە ئەندازەکی زۆر راددەی گوشاری بەرزی لیڤەرپوولیان لەسەر کەم بووەتەوە، چونکە هیندەرسۆن و فابینهۆ 80 مەتر لە هێڵی بەرگریی تیپی دژبەرە دوورن و بێڕۆڵن و کاریگەرییان لەسەر تەکتیکی لیڤەر کەمبووەتەوە..
 
وەک چۆن کەلێنی ڤاندایک و گۆمێز بە هیندەرسۆن و فابینهۆ پڕناکرێتەوە، بە هەمان شێوەش هیچ یاریزانێکی لیڤەرپوول لە هێڵی ناوەند توانای ئەوەی نییە کەلێنی هیندەرسۆن و فابینهۆ پڕ بکاتەوە. دابڕانی ئەم دووانە، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر رۆڵی ڤیناڵدۆم دەبێت، ئاخر ئەم دوو یاریزانە مەگەر هەست بە ماندووبوون بکەن، یان دووچاری پێکان بن، ئەوکات راهێنەر بیر لەوە دەکاتەوە لەسەر کورسی یەدەگ دایاننشێنێت. بوونی ئەو دوو یاریزانە وادەکات، هەم هێڵی بەرگریی هەڵەی سەرەتایی بکات، هەم ئەزموونی ئیدارەدانی هەستیارترین هێڵی یاریکردنیان پێنەکرێت، کە لەپشتی ئەوانەوە تەنیا گۆڵچی هەیە و هەر هەڵەکردنێک یەکسانە بە تۆمارکردنی گۆڵ لە دژی لیڤەرپوول.
 
لە لیڤەرپوول لانیکەم لە دوو وەرزی رابردوو کڵۆپ کەمترین جار دەستکاری پێکهاتەی سەرەکی کردووە لای زۆرییەکەی پشتی بە 15 یاریزان بەسبتوو. ئەم سیاسەتە، جێگیریی ئاست و ئەنجامی بۆ لیڤەر دەستەبەر کردبوو، ئەوە بەدیوێکی دیکەدا لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا راهێنەرەکەی دەستەوەستان کردووە. ئاستجێگیریی لیڤەرپوول، ئەنجامە باشەکانی یانەکە، وای لە کڵۆپ کرد، زۆر گوێ بە پێکانە یەک لەدوای یەکەکانی چامپبەرلین، نابی کیتا و ماتیپ نەدات. وای لە کڵۆپ کرد، شاکیری، مینامینۆ، ئۆریگی و لالانای بۆ گرنگ نەبێت، بۆیە کە دۆخێکی لەم شێوەیە دێتە پێش، راهێنەر بژاردەکان سنووردار دەبن و هیچ ئامادەکارییەکی نییە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی پێکان و دابڕان. دابڕانی ئەم یاریزانانە باوەڕ و متمانەی لە ناخ و مۆخیاندا کوشتووە. واتە ئەو یاریزانانە بۆ کڵۆپ زیاتر رۆڵی پڕکردەوەی کورسیی یەدەگیان بینیوە!
 
یان لای زۆرییەکەی بۆ پشوودان بە یاریزانە سەرەکییەکان، هەلی بەشداریکردنی بەو یاریزانانە داوە. کاتێکیش پشتیان پێ دەبەستێ خودی یاریزانەکە دەزانێ ئەوە دەرفەت نییە کە راهێنەر پێیداوە، بەڵکو دۆخی لەناکاو و ناچارییە وا لە کڵۆپ دەکات بەشداری بەو یاریزانانە بکات، هەر ئەمە بەسە بۆ ئەوەی چاوەڕێی کێبڕکێی نێو پێکهاتەی کڵۆپ نەکەیت و هیچ یاریزانێکی یەدەگ بەپەرۆش نەبێ بۆ ئەوەی توانا و هێزی شاراوەی وەکو بوورکان بتەقێنێتەوە، چونکە هەرچییەک بکەن ناتوانن راهێنەرەکە بەخۆیان سەرسام بکەن.
 
کاتێک تیپێکی گەورە دەکەوێتە دۆخێکی لەمشێوەیەی لیڤەرپوول، راهێنەر لەبەردەم دوو بژاردەدایە، یان ئەوەتا لەسەر بنەمای ئاستی یاریزان بڕیار دەدات بەشداری بە کام یاریزان بکات، یان ئەوەتا هەموو هەوڵێک دەدات دەرفەتی زیاتر بە یاریزانە سەرەکییەکان ببەخشێت، بۆ ئەوەی تووشی هەرەسی بڕوابەخۆبوون نەبن و هەست بە تێکشکان نەکەن، ئێ کڵۆپ لە تایپی ئەو راهێنەرانەیە کە زۆر باوەڕی بە دروستکردنی کەشی کێبڕکێی نێوان یاریزانەکانی نییە، هەر ئەم بیرکردنەوەیە بەسە بۆ ئەوەی یاریزانە یەدەگەکان زیاتر تووشی نائومێدیی ببن.
 
راهێنەر لە دۆخێکی وەها تژی لە گوشاری هەمەجۆردا، ناتوانێ بەدروستی بیر بکاتەوە و بڕیاری شیاو بدات. هەمیشە دوودڵی، ناجێگیری ئەنجام، ئەیبەن بەلای بڕیاری سەیروسەمەرەدا. ئەوە چەند یارییەکە کڵۆپ لە دەستنیشانکردنی پێکهاتە هەڵەی زەق دەکات، لە گۆڕانکاری، هیچ لە دۆخی لیڤەرپوول بەرەو باشبوون ناگۆڕێت.
 
لیڤەرپوول خاوەنی ستایڵێکی کاریگەری پێشکەوتووە، راهێنەرەکەی باشترینی جیهانە، بەڵام ئەنجامە خراپەکان هێندە کاریگەریی خراپیان لەسەر هزری راهێنەرەکە جێهێشتووە، بە ئاسانی بۆی هەرس ناکرێ، چونکە کەوتۆتە دۆخێکەوە، پێچەوانەی سرووشت و ئاستی راستەقینەی لیڤەرپوولە، بەڵام ئەمەی روودەدات و کاتی و تێپەڕە و دواجار راهێنەر تیپەکە دەباتەوە سەر رێچکەی سەرکەوتن..
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە