دوو سیناریۆ ئێمباپێ و زیدان کۆدەکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

ئەگەری هەیە دووانەی فەرەنسی، کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی ریال مەدرید و زینەدین زیدانی هاونیشتیمانییەکەی لە یەک تیپدا کۆببنەوە، ئەمەش لەسەر بنەمای ئارەزووی هێرشبەرە فەرەنسییەکە، کە هەمیشە خەونی ئەوە بووە لەگەڵ زیدان کاربکات.
 
بەدرێژایی ژیانی وەرزشیی خۆی، کیلیان ئێمباپێ شانبەشانی هەندێک لە ناوە گەورەکانی تۆپی پێی جیهان یاریکردووە، وەک رادامێل فالکاو لە مۆناکۆ، نەیمار و لیۆنێل مێسی لە پاریس سانجێرمان، ئانتوان گریزمان و کەریم بنزیما لە هەڵبژاردەی فەرەنسا، ئێستاش ڤینیسیۆس جۆنیۆر و لۆکا مۆدریچ لە ریال مەدرید، بەڵام هەر لە منداڵییەوە خەونی گەورەی ئەوەبووە یاری لەگەڵ زیدان بکات.
 
کاتێک بەم دواییە پرسیاری لێکرا ناوی ئەو یاریزانە بنووسێت کە حەزی دەکرد لەگەڵیدا یاری بکات، کاپتنی فەرەنسی بەبێ دوودڵی گوتی "زۆر یاریزانی نایاب هەبوون، بەڵام ئەگەر ناچاربووم وەڵام بدەمەوە ئەوە زیدانە".
 
ئێمباپێ و زیدان کۆدەبنەوە.. لە مەدرید یان لەگەڵ فەرەنسا
 
هەرچەندە هەرگیز دەرفەتی ئەوە نابێت کە پێکەوە یاریی بکەن، بەڵام دەکرێت رۆژێک ئێمباپێ لەلایەن زیدانی هاونیشتیمانییەوە راهێنەرایەتی بکرێت.
 
بەبەردەوامی رۆژنامەکانی ئیسپانیا باس لەوە دەکەن، کە زیدان لە شوێنی کارلۆ ئەنچێلۆتی لەسەر کورسی یەدەگی ریال مەدرید دادەنیشێت.
 
ئەگەر ریال مەدرید سەرکەوتوو بێت لە گەڕاندنەوەی زیدان، ئێمباپێ یەکێک لە خەونەکانی بەدەست دەهێنێت، و بە دیداری زیزۆ لە یەک تیپدا شاد دەبێتەوە.
 
ئەگەر ئەو دوو کەسە جارێکی دیکە لە مەدرید کۆببنەوە، ئەگەری ئەوە هەیە لە ساڵانی داهاتوودا پێکەوە خزمەتی هەڵبژاردەی فەرەنساش بکەن.
 
زیدان هێشتا خەونی وەرگرتنی پۆستی هەڵبژاردەی فەرەنسای ماوە و چاوەڕێی رۆیشتنی دیشامپ دەکات، دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لە کۆتایی مۆندیالی 2026.
 
ئەگەر زیزۆ شوێنی دیشامپ بگرێتەوە، ئەوکاتیش خەونی ئێمباپێ دێتەدی و لە یەک تیپدا کۆدەبنەوە.
 
ئێمباپێ چوارشەممەی رابردوو سەرکردایەتی یانەی ریال مەدریدی کرد و جامی جیهانی یانەکان بەدەستهێنا، دوای ئەوەی بەئەنجامی 3-0 لە پاچوکای مەکسیکی بردەوە، و کیلیان یەکێک لە 3 گۆڵەکەی تۆمارکرد.