شکستەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، خوان لاپۆرتای تووڕە کردووە


رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، پاش شکستی تیپەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لە خولی ئیسپانیا، تووڕەییەکی زۆری پێشانداوە.
 
رۆژنامەی 'سپۆرت'ی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، زنجیرەی ئەنجامە خراپەکانی بارسێلۆنا، کارگێڕیی یانەکەی دووچاری دڵەڕاوکە کردووە، پاشئەوەی تیپەکە دووچاری پێنجەم شکستی بوو لە وەرزی ئەمساڵدا، لە کاتێکدا بەدرێژایی وەرزی رابردوو تەنیا پێنج یاریی دۆڕاندبوو.
 
بەهۆی شکستەکەی دوێنی شەوەوە بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، بارسێلۆنا پێشەنگی لالیگاشی لەدەستدا.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، خوان لاپۆرتا دوای یارییەکە زۆر تووڕەبووە. تووڕەبوونەکەشی هێندەی بەهۆی ئەنجامەکەوە بووە لە دوا خولەکەکاندا، هێندە بەهۆی ئاستی تیپەکەوە نەبووە.
 
رۆژنامەکە وێڕای ئەوەش دەڵێ، کارگێڕیی یانەکە هێشتا متمانەی بە هانزی فلیکی راهێنەر هەیە، پێیوایە وێڕای ئەنجامە خراپەکانی ماوەی رابردوو، بەڵام هێشتا تیپەکە لە ئاستێکی بەرزدایە.
 
ئەو رۆژنامەیە دەڵێ، دۆخی نێو یانەکە هێشتا ئارامە، پێیانوایە لە دوای مانگی یەکەوە دەکرێ هەڵوەستە لەسەر ئەنجامەکان بکرێت، چونکە لەوکاتەوە ئیدی رکابەریی لەسەر نازناوەکان دەستپێدەکات.
 
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، "بڕیاری دەستنیشانکرانی فلیک بڕیارێکی روونی لاپۆرتابوو، پاش دوورخستنەوەی چاڤی، لە درامایەکی ناوازەی کۆتایی وەرزی رابردوودا، چونکە ئەوکات لاپۆرتا بڕوای وابوو کە گۆڕانکاری لە سەرکردایەتی تیپەکە پێویستە، هەرلەبەرئەوەش فلیک بۆ باشترکردنی لایەنی جەستەیی و تاکتیکیی تیپەکە بەڕاهێنەر دەستنیشانکرا".
 
رۆژنامەکە هەروەها دەڵێ، "ئەنجامەکان دروستیی بڕیاری گۆڕانکارییەکەیان سەلماند، بارسا پێشەنگی لالیگای گرت و لە چامپیۆنزلیگیش سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا، بەڵام لەسەرەتای مانگی رابردووەوە تیپەکە لە پاشەکشەدایە و یارینەکردنی لامین یامال کاریگەریی زۆری لەسەر ئاستی تیپەکە دروستکردووە".
 
هەروەها دەڵێ، "کارگێڕیی بارسا پێیوایە کاری فلیک باشە، تیپەکە لە رووی ئاستی بەکۆمەڵەوە گەشەی کردووە، تاک تاکی یاریزانەکانیش بەهەمان شێوە، تیپەکە رکابەرە، لەگەڵ ئەوەشدا کێشەی لە نەبوونی یاریزانێکی یەکلاکەرەوە هەیە لە یارییە داخراوەکاندا، بەڵام ئەو پارچە کەموکورتییە، ئەمساڵ پڕ ناکرێتەوە".
 
رۆژنامەی 'سپۆرت' هەروەها دەڵێ، "هەفتەکانی داهاتوو چارەنووسی پڕۆژەکە یەکلادەکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا، فلیک متمانەیەکی گەورەی هەیە و ئەگەر داڕووخانی گەورە لە تیپەکەدا روونەدات، هیچ گۆڕانکارییەک لە دەستەی مەشقدەرانی یانەکەدا روونادات".
 
بارسێلۆنا بەکۆکردنەوەی 38 خاڵ، لە پلەی دووەمی ریزبەندی لالیگایە و ئەگەر ریال مەدرید ئەمشەو سەرکەوتن بەسەر سیڤییادا بەدەست بهێنێت، ئەو تیپە بۆ پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە دادەبەزێت.