ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا دۆڕا و پێشەنگی لەدەستدا، سیمیۆنی مێژووی تۆمارکرد
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا جارێکی دیکە تووشی دۆڕانبوو و لەنێو یاریگە و هاندەرانی بە یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دۆڕا و پلەی یەکەمی ریزبەندی لالیگای لەدەستدا.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 18ـی لالیگادا، بارسێلۆنا لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید یارییکرد و سێ خاڵی دیکەی لەدەستدا.
لە سەرەتای یارییەکەدا، بارسێلۆنا باشتر یارییکرد و چەند هێرشێکی بردە سەر گۆڵی یانەی میوان.
دوای 30 خولەک یارییکردن، پێدری گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانە کەتەلۆنییەکە تۆمارکرد و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی خاوەن یاریگە تۆمارکرد.
لە نیوەی دووەمدا هێرشەکانی بارسا بۆ سەر گۆڵی ئاتلێتیکۆ بەردەوامبوون، یاریزانانی یانەکە زۆر هەلی گۆڵکردنیان لەدەستدا، جارێک رافینیا و جارێک لیڤاندۆڤسکی.
لە خولەکی 60 رۆدریگۆ دی پاوڵ بەلێدانێکی بەهێز ئەنجامەکەی بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید یەکسانکردەوە.
بەر لە کۆتاییهاتنی یارییەکە بە چەند چرکەیەک، ئەلێکساندەر سۆرلۆس گۆڵی دووەمی بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید تۆمارکرد، یانەی میوان یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و سێ خاڵی یارییەکەی بەدەستهێنا.
ئەمە دووەم دۆڕانی لەسەریەکی یانە کەتەلۆنییەکەیە لە لالیگادا، لە دوایین 7 یارییدا تەنیا یەک بردنەوەی هەیە، بەم دۆڕانە یانەکە چووە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە و ئەگەر ئەمشەو ریال مەدرید لە سێڤییا بباتەوە، بارسا دەچێتە پلەی سێیەمی ریزبەند.
دوای 14 ساڵ لە راهێنەرایەتیکردنی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید و ئەنجامدانی 18 یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان بەرامبەر بارسێلۆنا، یەکەمجارە دیێگۆ سیمیۆنی لەنێو یاریگەی بارسادا بردنەوە تۆماربکات.