سەرنجڕاکێشترین و دڵخۆشترین هەواڵ دەگاتە مێسی
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی بەتەواوی لە گواستنەوەی لویس سوارێز، ئەستێرەی بەنێوبانگی ئۆرۆگوایی و پێشووی یانەی گرێمیۆی بەرازیلی نزیکبووەتەوە و جارێکی دیکە ئەو یاریزانە و مێسی بەیەکەوە کۆدەکاتەوە.
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگی جیهانی تایبەت بە گواستنەوەی یاریزانان نووسیوویەتی "لویس سوارێز بۆ ئینتەرمەیامی، هەموو شتێک ئامادەیە بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی واژبکرێت و رابگەیێنرێت، پاشانیش نووسیوویەتی here we go!, کە ئەمە ئاماژەی رۆژنامەڤانەکەیە بۆ هەر گرێبەستێک کە بەتەواوی یەکلابووەتەوە و تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە."
بەپێی زانیارییەکان گرێبەستی سوارێز بۆ یەک ساڵ دەبێت و بژاردەی نوێکردنەوەی بۆ ساڵێکی دیکەی لەگەڵدایە، دوای ئەوەی مانگی رابردوو بەشێوەی زارەکی کارگێڕیی یانەکە و هێرشبەرە ئۆرۆگواییەکە گەیشتنە رێککەوتن.
سوارێز و مێسی پەیوەندییەکی دۆستانەی زۆرباشیان بەیەکەوە هەیە، پێشتر لە یانەی بارسێلۆنا بەیەکەوە یارییانکردووە، جارێکی دیکە و لە خولی ئەمریکا بەیەکەوە یاریی دەکەنەوە.
لویزیتۆ لە 2023 لە یانەی ناسیۆنالی ئۆرۆگواییەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی گرێمیۆی بەرازیلی کرد، لەگەڵ ئەو یانەیەدا رۆڵێکی گەورەی بینی بۆ بردنەوەی پلەی دووەمی خولی بەرازیل و لە 54 یارییدا بەدرێسی ئەو یانەیەوە لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا 29 گۆڵی تۆمارکرد.
سوارێز چەند رۆژێک لەمەوبەر لە کاتی بەجێهێشتنی یانەی گرێمیۆ لەبارەی پەیوەندیکردنی بە یانەی ئینتەرمەیامییەوە گوتی "بابزانین چی روودەدات، جارێ دەمەوێت هەندێک کاتەکانم بۆ ماڵباتەکەم تەرخانبکەم."