ڤیدیۆ؛ لێدوانی شێرکۆ کەریم دوای بانگهێشتکردنی بۆ هەڵبژاردەی عێراق


رووداو دیجیتاڵ

شێرکۆ کەریم، یاریزانی کوردی یانەی هەولێر بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق، بۆ یارییەکی دۆستانەی هەڵبژاردەکە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیمارات.

بەشێوەیەکی جیاواز، بەبێ ئەوەی هەڵبژاردەی عێراق ناوی هیچ یاریزانێکی بانگهێشتکراو رابگەیێنێت، یانەکان ناوی ئەو یاریزانانەیان ئاشکراکرد کە لە یاریی داهاتوودا بۆ عێراق یارییدەکەن، لەنێویاندا یانەی هەولێر ناوی شێرکۆ کەریمی بۆ یارییکردن لە ریزەکانی هەڵبژاردەکە ئاشکراکرد.

شێرکۆ کەریم لەبارەی بانگهێشتکردنی بۆ هەڵبژاردەی عێراق بە رووداوی گوت، یەکەمجارە لەژێر سەرپەرشتیی سریچکۆ کاتانیچ، مەشق و راهێنان دەکات، ئامانجی ئەوەیە بتوانێت لەگەڵ هەڵبژاردەکە ئاستێکی بەرز پێشکێشبکات و ماوەیەکی زۆر لەگەڵ هەڵبژاردەکە بمێنێتەوە.

یاریزانە کوردەکەی یانەی هەولێر زیاتر گوتی، هیوادارم رۆیشتنی ئەمجارەم بۆ هەڵبژاردەی عێراق گەڕانەوەی نەبێت.

شێرکۆ کەریم، پێشتر بۆ هەڵبژاردەی خوار 17 ساڵان، خوار 20 ساڵان و 23 ساڵان یارییکردووە و لە ئۆڵیمپیادی ریۆ دی جانیرۆش بەشدارییکردووە، ئەمە یەکەمجارە بۆ هەڵبژاردەی عێراق بانگهێشتدەکرێت.

بڕیاربوو مانگی داهاتوو هەڵبژاردەی عێراق لە ئیمارات بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی دۆستانەی چواریی بکات، بەڵام پاڵەوانێتییەکە هەڵوەشایەوە و تەنیا یارییەکی دۆستانە لەنێوان عێراق و ئیمارات دەکرێت.