بایرن خۆی گەیاندە پلەی دووەمی بۆندێسلیگا


رووداو - هەولێر

یانەی بایرن میونشن سوودی لە شکستی یانەی بۆرووسیا میونشنگلادباخی رکابەری وەرگرت و خۆی گەیاندە پلەی دووەمی ریزبەندی بۆندێسلیگا.

لە رکابەرییەکانی گەڕی حەڤدەیەمی خولەکە، بایرن لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی ئینتراخت فرانکفۆرت و یارییەکەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.

لە خولەکی 35 فرانک رێبری گۆڵی یەکەمی باڤارییەکانی تۆمارکرد، گێمی یەکەم بەو گۆڵە کۆتاییهات، لە خولەکی 79 هەمان یاریزان گۆڵی دووەمیشی تۆمارکرد، دوای تەنیا یەک خولەک لەو گۆڵەش رافینیا گۆڵی سێیەمی بۆ بایرن تۆمارکرد و یانەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سێ خاڵی بردەوە.

بایرن میونشن ئێستا لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 36 خاڵ و شەش خاڵ لە بۆرووسیا دۆرتموندی یەکەم دوورە.