مستەر بیست بۆ رۆناڵدۆ: دەمت داخە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ مستەر بیست
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەو هەڤپەیڤینە بەنێوبانگەی ئەفسانەی تۆپی پێی جیهانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ یوتیوبەری بەنێوبانگی ئەمریکی، مستەر بیست ئەنجامیدا و لە کەناڵی UR CRISTIANOـی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە پەخشکرا، ملیۆنان کاردانەوەی لێکەوتەوە و ژمارەیەکی زۆر بەرزی بینەری تۆمارکرد، کە تەنیا دوای چەند کاژێرێک لە بڵاوبوونەوەی بە ملیۆنەها کەس سەیریان کرد.
 
ئەم هەڤپەیڤینە کە رۆناڵدۆ پێشتر رایگەیاندبوو کە "ئینتەرنێت تێکدەشکێنێت"، سەرنج و چاوەڕوانییەکی زۆری لێکەوتەوە، لە کاتێکدا یاریزانی یانەی نەسڕی سعودیە تا دواڕۆژ پێش ئەوەی ئەنجام بدرێت، بەنهێنی هێشتییەوە و پاشان میوانە مشتومڕاوەکەی خۆی راگەیاند کە یوتیوبەری ئەمریکی مستەر بیست بوو، کە کەناڵەکەی لە یوتیوب زیاتر لە 331 ملیۆن سەبسکرایبی هەیە.
 
رۆناڵدۆ و مستەر بیست لە هەڤپەیڤینەکەدا دەستیان بە پرسیار و وەڵامەکان کرد، کە بە ملیۆنان فۆڵۆوەرس لە ماوەیەکی کورتدا بینەریان بوون.
 
مستەر بیست کە ناوی راستەقینەی جیمی دۆناڵدسۆنە، رایگەیاند کە ئێستا زیاتر لە 320 ملیۆن سەبسکرایبی لە کەناڵەکەی لە یوتیوبدا هەیە، و ئاواتەخوازە یەک ملیار سەبسکرایبی هەبێت، بەڵام گوتی "بەپێی زانیارییەکان و خەمڵاندنەکانی ئەمە قورس دەبێت و کاتێکی زۆری دەوێت".
 
میوانی رۆناڵدۆ سەرسوڕمانی خۆی لەو نێوبانگە دەربڕی کە ئەو ئەستێرە پۆرتوگالییە چێژی لێوەردەگرێت و دەڵێت "بیهێنە بەرچاوت دوای یارییەکە هەڤپەیڤینێکی رۆژنامەڤانی ئەنجام دەدەیت، چەند فۆڵۆوەری دەبێت، یان کلیپێک بڵاودەکەیتەوە کە کارلێک و خۆشی خۆت لەخۆبگرێت دوای باشترین 10 گۆڵ کە لە ژیانی وەرزشیدا تۆمارت کردووە، ئەوە شتێکی نایاب دەبێت".
 
رۆناڵدۆ لە وەڵامدا و خۆنەویستی خۆی نیشاندا و گوتی "بەڵێ دەزانم خەڵک چەندە بەسۆزە و سۆزیان بۆ من و تۆپی پێ بەگشتی هەیە، دەزانم خەڵک زۆر حەزیان لە ژیانی تۆپی پێم هەیە، کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامم و بەڕاستی هەستم بەم جۆش و خرۆشە کردووە".
 
ئەو یوتیوبەرە ئەمریکییە پرسیاری لە رۆناڵدۆ کرد دەربارەی دیارترین تیپە رکابەرەکانی یانەی نەسڕ لەم وەرزەدا؟ ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بێ دوودڵی وەڵامی دایەوە کە ئەوە یانەی هیلالە.
 
رۆناڵدۆ دوای ئەوەی میوانەکەی بۆ ئامادەبوون لە یارییەکەی نێوان نەسڕ و هیلال بانگهێشت کرد، گوتی "سەرەتای ئەم مانگە رووبەڕووی ئەوان بووینەوە، لە یاریی گەڕانەوەشدا جارێکی دیکە یەکدی دەبینینەوە، بۆیە بانگهێشتتان دەکەم بۆ ئەوەی ئامادەی ئەم یارییە بیت".
 
مستەر بیست لەمیانی هەڤپەیڤینەکەدا بە رۆناڵدۆی راگەیاند "کاتێک وێنە دەگریت بۆ ئەوەی بۆ فۆڵۆوەرسەکانت لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا بڵاوی بکەیتەوە، دەمت دابخە، چونکە خەڵک حەزی لە دەمی کراوە نییە لە وێنەکاندا".
 
لای خۆیەوە رۆناڵدۆ پرسیاری لە میوانە بەنێوبانگەکەی کرد دەربارەی ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین فۆڵۆوەرسی تێدایە؟ مستەر بیست وەڵامی دایەوە و گوتی "وڵاتانی ئەمریکای باشوور. جارێکیان من لە چیلی بووم، خەڵکێکی زۆر لەپێش ئەو هۆتێلە کۆبوونەوە کە ئێمە تێیدا مابووینەوە، ئێمەیان لە شوێنەکە دەرکرد (بەپێکەنینەوە)، چونکە خەڵکەکە هاتبوونە نێو هۆڵی پێشوازی هۆتێلەکە".
 
هەڤپەیڤینەکەی رۆناڵدۆ و مستەر بیست چەندین پرسیاری قورسی تێدابوو کە باسیان لە پیربوون و مردن و چەند لایەنێکی دیکە دەکرد، ئەو یوتیوبەرە بەنێوبانگە لە رۆناڵدۆی پرسی "خەریکە تەمەنت دەگاتە 40 ساڵ؟". ئەفسانەی ریال مەدرید بەخێرایی وەڵامی دایەوە و گوتی "من تاوەکو تەمەنی 100 ساڵ دەژیم، تەنیا بۆ ئەوەی ئاگادارتان بکەمەوە کە ئەوە چۆن دەبێت".
 
لە بەرامبەردا مستەر بیستیش، گوتی "منیش دەمەوێت 90 یان 100 ساڵ بژیم"، ئاماژەی بەوەشکرد "هیواخوازم تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنی زانستی بەشداربن لە دواخستنی پیربوون".
 
مستەر بیست سەبارەت بە ناوەڕۆکی کەناڵەکەی بە رۆناڵدۆی گوت " 7 رۆژم بەنێژراوی لەژێر زەویدا بەسەربردووە، و 7 رۆژ لە ژوورێکدا زیندانی بووم"، کریستیانۆ رۆناڵدۆش پێیگوت "برا، تۆ شێتی".
 
ئینجا کریستیانۆ رووی لە مستەر بیست کرد و پێیگوت "کاتێک کەناڵی یوتیوبم دەستپێکرد هەستت چۆن بوو؟"، مستەر بیست گوتی "من پێموابوو لە مانگی یەکەمدا دەگەیتە 20 تاوەکو 30 ملیۆن، کاتێکیش گەیشتیتە 60 ملیۆن، گوتم ئای خوایە، ئەو خێراترینە لە گەیشتن بە زۆرترین سەبسکرایب. پێشتر ئێمە بووین".
 
مستەر بیست لە رۆناڵدۆی پرسی "هەستت چۆن بوو کاتێک گەیشتییە یەک ملیار فۆڵۆوەرس لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا؟"، کریستیانۆ وەڵامەکەی بەمشێوەیە بوو "دەستکەوتێکی باشە، بەڵام سەرسامی نەکردم، چونکە دەزانم خەڵکی چەندە من و تۆپی پێیان خۆش دەوێت".
 
رۆناڵدۆ بۆ مستەر بیست "پێتوایە لە ژمارەی بەشداربووانی یوتیوب پێشت بکەوم؟"، مستەر بیست هەرزوو وەڵامی دایەوە و گوتی "نەخێر".
مستەر بیست بە رۆناڵدۆشی گوت "زیاتر لە 100 جار گۆڵەکەتم بەرامبەر یوڤێنتوس بینیوە".
 
ئینجا مستەر بیست بە رۆناڵدۆی گوت "لیبرۆن جەیمس لەگەڵ کوڕەکەی یاری دەکات، تۆش هەمان شت دەکەی؟". كريستيانۆ رۆناڵدۆ گوتی "با بزانین. کوڕەکەم تەمەنی 14 ساڵە، با بزانین دۆخی قاچەکانم چۆن دەبێت".
 
مستەر بیست بۆ رۆناڵدۆ "پێویستە یوتیوبەری گەورەی وەکو سپید لە پۆدکاستەکانت دەرکەون".
 
رۆناڵدۆ لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی "هەمیشە دەڵێن رۆناڵدۆ کۆتاییهاتووە و گومان دەکەن، بەڵام لە راستیدا من ئامادەم و هەمیشە دەیبەمەوە".
 
مستەر بیست لە کۆتاییدا، گوتی "پلانمان هەیە لەگەڵ رۆناڵدۆ لە کۆتایی ئەم مانگەدا باشترین و گەورەترین ڤیدیۆ لە یوتیوب بڵاوبکەینەوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە