چۆن دوایین سێ هەڵبژاردەی بەشداربوو لە یۆرۆی 2024 دیاری دەکرێن؟

روداوو دیجیتاڵ
 
پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024 کۆتاییهاتن و 21 هەڵبژاردە راستەوخۆ سەرکەوتنیان بۆ پاڵەوانێتییەکە مسۆگەر کرد و 12 هەڵبژاردەی دیکە لە پاشکۆکاندا رکابەری یەکدی دەکەن بۆ بەدەستهێنانی دوایین سێ بلیتی سەرکەوتن بۆ یارییەکانی یۆرۆ، کە رکابەرییەکانی لە ئەڵمانیا دەکرێن.
 
رۆژی چوارشەمە دوایین رۆژی پاڵاوتنەکان بوو، هەڵبژاردەکان دوایین یاری خۆیان ئەنجامدا بۆ سەرکەوتن بۆ رکابەرییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای داهاتوو، دوایین هەڵبژاردەی سەرکەوتوو بۆ یۆرۆی 2024 کرواتیا بوو بە سەرکردایەتیی لوکا مۆدریچ، کاتێک بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە هەڵبژاردەی ئەرمینیای بردەوە.
 
ئێستا تەنیا سێ بلیتی کۆتایی ماون بۆ ئەوەی 24 هەڵبژاردەی بەشدار لە یارییەکانی یۆرۆی 2024 دیار بێت، 12 هەڵبژاردە لە پاشکۆی پاڵاوتنەکان رکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەم سێ بلیتە، ئەو هەڵبژاردانەش لە رێگەی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا (نەیشنسلیگەوە) دیاریی کراون.
 
هەر یەک لە هەڵبژاردەکانی "پۆڵەندا، ئیستۆنیا، وێڵز، ئایسلەندا، فینلەندا، ئۆکڕاینا، ئیسرایل، بۆسنە، جۆرجیا، یۆنان، کازاخستان و لوکسومبۆرگ رکابەری دەکەن بۆ ئەوەی لە رێگەی یارییەکانی پاشکۆوە بگەنە یۆرۆی 2024.
 
تیروپشکی ئەم یارییانە لە رۆژی 23 مانگی 11ی ئەمساڵ ئەنجامدەدرێ، وا بڕیارە یارییەکانی لە مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو بەرێوەبچێت و سەرجەم یارییەکان لە وڵاتی ئەڵمانیا دەکرێن بۆ هەر قۆناخێک  تەنیا یەک یاری دەبێت.
 
ئەم 12 هەڵبژاردەیە دوای تیروپشک هەر دوو هەڵبژاردە لەگەڵ یەک یاریی دەکەن، دواتر 6 هەڵبژاردەی براوە لەگەڵ یەک یاریی دەکەن و بەمشێوەیە دوایین سێ هەڵبژاردەی بەشداربوو دیاری دەکرێن.
 
یۆرۆی 2024 لە هاوینی ساڵی داهاتوو لە 10 شاری ئەڵمانیا بەرێوەدەچێت، پاڵەوانێتییەکە لە 14ی مانگی شەشی ساڵی داهاتوو بەرێوەدەچێت، لە دووی مانگی 12ی ئەمساڵیش تیروپشک بۆ پاڵەوانیتەکە دەکرێت.