دالکورد چۆن دەگاتە سوپێرتان؟

 
رووداو دیجیتاڵ

ركابەرییەكانی وەرزی 2021-2022ـی خولی ئێتان نۆرای سوێد كۆتاییانھات، یانەی دالكورد لە دوایین یارییدا خاڵێكی لە یانەی ھانینگێ وەرگرت.
 
لە ركابەرییەكانی گەڕی 30ـی خولەكەدا دالكورد لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ھانینگێ یارییكرد و یارییەكە بەیەكسانبوون بە دوو گۆڵ بۆ ھەر لایەك كۆتاییھات.
 
لە خولەكی 38 ریكسۆن مانسیامینا گۆڵێكی بۆ خاوەن یاریگە تۆماركرد و تۆڕی دالكوردی ھەژاند، بەڵام پێشكۆتاییھاتنی نیوەی یەكەم بە خولەكێك فابیۆ دێ سوزا سیلڤا ئەنجامەكەی بۆ یانە كوردییەكەی سوێد یەكسانكردەوە.
 
لە خولەكی 65 بەختیار رەحمانی یاریزانی كوردی رۆژھەڵاتی كوردستان دالكوردی پێشخست، بەڵام ماتیاس میتكو ئەنجامەكەی یەكسانكردەوە و یارییەكە بە دوو گۆڵ بۆ ھەر لایەك كۆتاییھات.
 
دالكورد پلەی دووەمی ریزبەندی ئەم وەرزەی خولەكەی بەدەستھێنا، لە قۆناخی پلەی ئۆف دوو یاری لە رۆژانی 1 و 4ـی مانگی داھاتوو بەرامبەر یانەی گایس دەكات و براوەی یارییەكە دەگاتە خولی پلە یەكی سوێد ناسراو بە سوپێرتان.
 
دالکورد لەم وەرزەی خولەکەدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و تەنیا 4 یاریی دۆڕاندووە.
 
ئامارەکانی دالکورد لەم وەرزەی خولەکەدا

 

 

 
یاسین ئاراس، راهێنەری یانەی دالکورد پەیامێکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە تێیدا دەڵێت " کاتێک بووم بە راهێنەری دالکورد ئێمە هەشت خاڵ لە گەیشتن بە قۆناخی پلەی ئۆف دووربووین، لەگەڵ تیمی راهێنەران کۆبووینەوە، بیرمان لەوەکردەوە کە چۆن دەتوانین ئەم تیپە بەرەوپێشەوەببەین، پلانی خۆمان داڕشت و کارمان لەسەر ئەو پلانە کرد، بەوە پێشکەوتین و ئامانجی ئێمە ئەوەیە بگەینە سوپێرتان، هەموو کارکردن و تێکۆشانمان بۆ ئەوەیە و ورەی تیپەکەشمان زۆرباش و بەرزە و هەموومان هیواخوازین بگەینە سوپێرتان."
 
پەیامی راهێنەری دالکورد

 
لەلایەن خۆیەوە ساموێل ئیزۆنتۆمۆی، یاریزانی یانەی دالکورد پەیامێکی بۆ رووداو ناردووە و دەڵێت " یەکەم ساڵە لەم یانەیەم، ئەم یانەیە بۆ من واتا هەمووشتێک، چونکە زۆرشتی بۆ من کردووە و ئەوانەی لێرە کاردەکەن هەموویان کەسانی پێشکەوتوون،  بۆیە زۆر زوو خۆشتدەوێن."
 
یاریزانەکە زیاتر گوتی " ئەم وەرزە قورس بوو بۆ ئێمە، گۆڕانکاریی لە دەستەی راهێنەراندا کرا، بەڵام ئەمە وایکرد تیپەکە بەهێزتربێت، وەک خێزانێک دەردەکەوتن، پێش ئەم وەرزە ئێمە ئامانجێکمان کە بگەینە خولی سەرتر، ئێستا زۆر نزیکین لەو ئامانجە، ئێمە تەنیا دوو یاریمان ماوە، هیوادارم هاندەران پاڵپشتیمان بکەن بۆ ئەوەی بەیەکەوە ئەو کارە بکەین."
 
ساموێل باسی لە ئاستی هارون ئەحمەد، یاریزانی پێشووی یانەی دهۆک و زاخۆ و ئێستای دالکورد کرد و گوتی " هارون یەکێکە لە باشترین یاریزانەکان کە یاریم لەگەڵدا کردبێت، یاریزانێکی زۆر بەهرەمەندە،  زۆر هاوڕێی منە تەنانەت لە دەرەوەی یاریگەش، هیوادارم لەگەڵ کۆتاییدا بەیەکەوە لەگەڵ هاندەران ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕین."

پەیامی ساموێل ئیزۆنتۆمۆی، یاریزانی دالکورد