کچە وەرزشڤانێکی کرماشانی لە یاریی تێنس پلەی یەکەمی لە سەر ئاستی ئێران بەدەستهێنا


رووداو دیجیتاڵ

ئیلینا نازری، کچە کوردی خەڵکی کرماشان، پلەی یەکەمی پاڵەوانێتیی تێنسی سەرمێزی لە سەر ئاستی ئێران بۆ منداڵانی خوار 11 ساڵ بەدەستهێنا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی تشرینی یەکەم، رەزا نازری، باوکی ئیلینا نازری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پاڵەوانێتی تێنسی سەر مێز بۆ منداڵانی خوار 11 ساڵ بۆ سێ رۆژ بە بەشداریی 16 یاریزان بەڕێوەچوو. ئیلینا بەبێ دۆڕان پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و بووە ئەندامی هەڵبژاردەی تێنسی سەرمێزی کچانی خوار تەمەن 11 ساڵی ئێران".
 
رەزا نازری دەڵێت، "پاڵەوانێتییەکە بە سێ قۆناخ بەڕێوەچوو. قۆناخی یەکەمی لە کرماشان؛ قۆناخی دووەمی لە مازندەران و قۆناخی سێیەم و کۆتایی لە تاران. ئیلینا لە هەموو قۆناخەکاندا بێ دۆڕان پلەی یەکەمی بەدەستهێنا".
 
رەزا نازری بە رووداوی گوت، ئیلینا ئێستا ئەندامی هەڵبژاردەی نەتەوەیی تێنسی سەرمێزی کچانی ئێرانە و بڕیارە لەگەڵ هەڵبژاردەکەدا بەشداری پێشبڕکێکانی ئاسیا بکات. 
 
ئیلینا تەمەنی 11 ساڵە و لە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە و هەر لەو شارەش دەژیت.