رووگەی زیدان ئاشکرابوو
رووداو دیجیتاڵ
کریستۆف دوگاری، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا و هاوڕێی زینەدین زیدانی ئەفسانەی فەرەنسا، ئاشکرای دەکات کە زیزۆ پۆستی راهێنەرایەتی کام تیپ وەردەگرێت و دەڵێت "خۆم لە زیدانم پرسیوە و دەزانم رووگەی داهاتووی کام تیپە".
دۆگاری زانیاری نوێی سەبارەت بە هەڵوێستی هاوڕێی پێشووی، ئاشکرا دەکات، سەبارەت بەئەگەری وەرگرتنی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی سعودیە، لە شوێنی رۆبێرتۆ مانچینی ئیتاڵی.
لەم رۆژانەدا ناوی زیدان بەستراوەتەوە بە تۆپی پێی سعودیە و میدیاکان زۆر باسی ئەوە دەکەن کە ئەگەری هەیە زیدان لە شوێنی مانچینی سەرکردایەتی هەڵبژاردەی سعودی بکات، کە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 تووشی قەیرانی ئەنجامەکان بووە، ئەمەش شەپۆلێکی تووندی تووڕەیی لەلایەن هاندەرانی سعودییەوە لێکەوتووەتەوە و داوای دەرکردنی مانچینی دەکەن.
کریستۆف دوگاری، پاڵەوانی جیهان لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا لە 1998، رایگەیاند، زیدان نابێتە راهێنەری هەڵبژاردەی سعودیە و ئاماژەی بەوەشکرد "زیدان بڕیاری داوە وەڵامی ئەو هەواڵانە نەداتەوە کە لەلایەن میدیاکانی ئیتاڵیاوە بڵاوکراونەتەوە، چونکە دەیەوێت لە مشتومڕی میدیاکان دوور بکەوێتەوە".
دوگاری زیاتر گوتی "پێشتر ئەو پرسیارەم لە زیزۆ کردووە، کە بۆچی وەڵامی میدیاکان نادەیتەوە سەبارەت بەوەی دەگووترێت ئەگەری هەیە مەشق و راهێنانی هەڵبژاردەی سعودیە وەربگریت؟ ئەو پێیگوتم، بۆچی دەبێت وەڵامیان بدەمەوە؟ بۆچی دەبێت رێگە بە میدیاکان بدەم خشتەی کارەکانم دابنێن؟!".
هێرشبەرەکەی پێشووی میلانی ئیتاڵی، هەروەها گوتی "دەبێت ئەوە دووپات بکەمەوە کە زیدان نابێتە راهێنەری هەڵبژاردەی سعودیە، ئەو پێیگوتم کە لە ماڵەوە ژیانێکی ئارام و بێدەنگ دەژی، و داوای هیچ شتێک لە هیچ کەسێک ناکات، ئەو پلانێکی خۆی هەیە و کاری بۆ دەکات".
دوگاری روونتر گوتی "ئێستا زیدان تەنیا چاوەڕێی یەک شت دەکات، ئەویش پۆستی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسایە، کە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی دیدێ دیشام دەیەوێت ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکانی فەرەنسا، تەنیا ئەوە".
لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی لە راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدرید لە ساڵی 2021، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا راهێنەرایەتی هیچ تیپێکی نەکردووە، هاوکات هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە زیزۆ لەلایەن پاریس سانجێرمان، بایرن میونشن و مانچێستەر یونایتدەوە پێگەیشتووە.
دوێنێ دووشەممە لە میدیاکانی ئیتاڵیادا بڵاوکرایەوە کە زیدان دەستەوارەیەکی خەیاڵی لەلایەن بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیەوە پێگەیشتووە بۆ راهێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەی سعودی.
هەڵبژاردەی سعودیە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026ـدا، تاوەکو ئێستا بە کۆکردنەوەی 5 خاڵ پلەی دووەمی کۆمەڵەی سێیەمی گرتووە.