نوێترین زانیاری لەبارەی داهاتووی گواردیۆلاوە لەگەڵ مان سیتی

 
رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی بە ئاسانی لە یانەکە ناڕوات، سەرەڕای ئەوەی 8 ساڵە وەکو راهێنەری ئەو یانەیە کار دەکات.
 
لە ماوەی رابردوودا و بەتایبەت دوای رۆیشتنی یۆرگن کڵۆپ، لە یانەی لیڤەرپوول، دەنگۆ و هەواڵی زۆر لەبارەی گواردیۆلاوە بڵاوبوونەوە، بەڵام راهێنەرەکە زەحمەتە بەمنزیکانە لە یانە ئینگلیزییەکە بڕوات.
 
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی ئاتلێتیکی ئینگلیزی، گەشتی گواردیۆلا لەگەڵ مانچێستەر سیتی ساڵێکی دیکەشی دێتەسەر و ئەو راهێنەرە دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لە هاوینی ساڵی داهاتوودا، گرێبەستەکەی بۆ ساڵێکی دیکە نوێدەکاتەوە.
 
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، گواردیۆلا لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی بۆ ساڵێکی دیکە نزیکبووەتەوە و دەکرێت رۆیشتنی لەو یانەیە لە هاوینی ساڵی 2026 رووبدات.
 
لە ماوەی رابردوودا ناوی پێپ گواردیۆلا، بە هەڵبژاردەی ئینگلتەراوە بەسترابووەوە، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە تۆماس تۆخێلی کردە راهێنەری هەڵبژاردەکەیان بۆ ئەوەی سەرکردایەتی تیپەکە بکات بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026.
 
لەو کاتەوەی گواردیۆلا بووەتە راهێنەری مانچێستەر سیتی، یانەکە 6 نازناوی پرێمەرلیگی لە 8 وەرزدا بردووەتەوە و 12 نازناوی دیکەشی بەدەستهێناوە کە یەکێکیان نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپایە.
 
گرێبەستی ئێستای گواردیۆلا، لە مانگی 11ـی ساڵی 2022 نوێکراوەتەوە و 7 مانگی ماوە بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە کۆتایی بێت.
 
گواردیۆلا پێشتر چەندجارێک رایگەیاندووە، هەر کاتێک گەیشتە ئەو بڕوایەی ناتوانێت خزمەتی کارەکەی بکات، واز لە راهێنەرایەتیکردنی یانەکە دەهێنێت.