ئەمڕۆ بۆ دهۆک رۆژێکی مێژووییە

22-10-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی دهۆک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی پاڵەوانێتی جامی کەنداو بۆ یانەکان دەستپێدەکات، یانەی دهۆک بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بەشداری لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا دەکات و دەبێتە یەکەم یانەی عێراقی لە پاڵەوانێتییەکەدا رکابەری بکات.
 
ئەمشەو لە یەکەم یاریی خۆیدا لە پاڵەوانێتییەکەدا، یانەی دهۆک لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی ئەهلی سەنعای یەمەنی یاری دەکات.
 
دهۆک ئامادەکارییەکی باشی بۆ ئەم یارییە کردووە، مەسعود میرال، راهێنەری یانەکە دەیەوێت بە سەرەتایەکی باشەوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە و بۆ ئەوەش سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەردەگرێت.
 
بەر لە یارییەکە یاریگەی یانەی دهۆک نۆژەنکراوەتەوە و یاریگە بەتەواوی بۆ میوانداریکردنی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە و یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئامادەیە.
 
یارییەکە کاژێر 20:00 بەڕێوەدەچێت، سەرجەم یاریزانەکانی دهۆک بۆ یارییەکە ئامادەن و چاوەڕواندەکرێت هەزاران هاندەر لەنێو یاریگەدا پاڵپشتی ئەلهۆیێن چیا بکەن.
 
یانەی دهۆک دوای 11 ساڵ جارێکی دیکە بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی دەرەوەدا دەکات و بۆ یەکەمجار و وەکو یەکەم یانەی کوردستان و عێراق بەشداری لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا دەکات.
 
دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک بەر لە بەڕێوەچوونی یارییەکە بە رووداوی گوت "ئامادەکارییەکی زۆرباش کراوە، لەسەر ئاستی تیپ و ئەوە لە هەموو شتێک گرنگترە، رۆژێکی مێژووییە بۆ کوردستان و عێراق، یەکەمجارە یانەیەک لە عێراق بەشداری لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا بکات، هیوای زۆرمان هەیە، ئەم پاڵەوانێتییە تایبەتە و خەڵاتی دارایی زۆری بۆ دانراوە و سزاکانیشی زۆر قورسن، بۆیە داوا لە هاندەرانی خۆشەویستی یانەکە دەکەین، بلیتەکانیان لە هەر دەرگایەک بن بچنە ئەو دەرگایە، چونکە ئەم یارییە وەکو هیچ یارییەکی دیکە نییە و ئەم پاڵەوانێتییە هەلێکە بۆ ئەوەی روویەکی جوانی وەرزشی شارەکە پێشانی دەرەوە بدەین."
 
سەرۆکی یانەی دهۆک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "تیپەکەمان نوێیە و دەکرێت سەرەتا ئەنجامەکانی باش نەبن، بەهۆی ئەوەی راهێنەر و ستافەکەی نوێن، بەشێکی یاریزانەکان نوێن و چیمەنی یاریگەش کاریگەریی زۆری هەبوو، بەڵام دوای بردنەوە لە نەجەف، تارادەیەک تیپەکە ئامادەیە، بەڵام یارییەکەمان ئاسان نییە."
 
دوای 9 ساڵ وەستان، ئەمساڵ جارێکی دیکە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە ئەنجامدەدرێن و خەڵاتی دارایی گەورە بۆ براوەکانی پاڵەوانێتییەکە تەرخانکراون.
 
هەر یانەیەکی بەشدار 300 هەزار دۆلار وەکو پاداشتی گەیشتن بە پاڵەوانێتییەکە وەردەگرێت، پاڵەوانی جامی کەنداو بۆ یانەکان 3 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت، خاوەنی پلەی دووەم 1 ملیۆن دۆلاری پێدەدرێت، باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە بە 50 هەزار دۆلار خەڵات دەکرێت، باشترین گۆڵپارێز 50 هەزار دۆلار وەردەگرێت و گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکەش بەهەمان شێوە 50 هەزار دۆلار خەڵاتی دارایی وەردەگرێت.



 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە