مان سیتی ریال مەدرید بێهیوا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر سیتی گرێبەستی ئەستێرەیەکی یانەکەی نوێدەکاتەوە.
 
بە پێی میدیاکانی بەریتانیا، یانەی مانچێستەر سیتی گرێبستی جولیان ئالڤارێزی ئەرجەنتینی هێرشبەری لاوی یانەکەیان نوێدەکاتەوە. 
 
مانچێستەر سیتی متمانەی تەواوی بە یاریزانەکە هەیە و زۆر دڵخۆشن بە هەڵسوکەوتی ئەستێرە ئەرجەنتیەکە و هیچ باس و خواسێك نییە لە یانەکە لەبارەی رۆیشتنی ئالڤارێز.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم هەفتەیە دەنگۆی زۆر هەبوو کە یانەی ریال مەدرید دەیەوێ هێرشبەرە ئەرجەنتینیەکە بباتە قەڵای سپی.
 
ئالڤارێزی تەمەن 23 ساڵ، لە ساڵی 2022 بە گرێبەستێك بە بڕی 22 ملیۆن یۆڕۆ لە یانەی ریڤەرپلێتی ئەرجەنتینیەوە پەیوەندی بە یانەی مانچێستەر سیتی کرد. ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە لەم وەرزەدا لە 14 یاریدا توانییویەتی 7 گۆڵ و 5 ئەسیست تۆمار بکات و بە یەکێك لە باشترین هێرشبەرەکانی ئەوروپا دادەنرێت.
 
هەر بەم هۆیشەوە پێپ گواردیۆلا، متمانەیەکی زیاتری داوەتە یاریزانەکە و یانەی مانچێستەر سیتی گرێبەستی هێرشبەرەکەی تانگۆ درێژ دەکاتەوە.
 
جولیان ئەلڤارێز، گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی تاوەکو هاوینی ساڵی 2028ـە، بەڵام یانەکە دەیەوێت پارێزگاری لە تواناکانی ئەو یاریزانە بکات، بەتایبەت دوای ئەو ئاستە بەرزەی لەم وەرزەدا پێشکێشی دەکات.