مەدریدییەکان هێرشدەکەنە سەر ناوبژیوانی یارییەکەی سێڤییا

22-10-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا سێڤییا ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کەناڵی تەلەڤزیۆنیی یانەی ریال مەدرید هێرشی زۆری کردە سەر دی بۆرگۆس بینگۆچیای ناوبژیوانی یاریی یانەکە بەرامبەر سێڤییا کە لە گەڕی دەی لالیگا ئەنجامدرا و یارییەکە بەیەکسانبوونی هەردوو یانە بەگۆڵێک کۆتاییهات.
 
یارییەکە چەندین رووداوی مشتومڕهەڵگری بەخۆوەبینی، دوو گۆڵی ریال مەدریدی لەسەرەتای یارییەکە تێدا رەتکرانەوە، ئەمە جیا لەوەی کە ڤینیسیۆس جۆنیۆری هێرشبەری یانەکە، داوای ئەژمارکردنی لێدانێکی سزای کرد کاتێک خیسۆس ناڤاس لەنێو ناوچەی سزادا ئەوی بەردایەوە.
 
میدیای ئیسپانیا گوتوویانە شاندی ریال مەدرید بەتووڕەیی گەڕاونەتەوە مەدریدی پایتەخت، لە بڕیارەکانی ناوبژیوان نیگەران بوون، بەڵام کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەر و یاریزانەکان، لە کاتی قسەکردنیان بۆ میدیاکان، خۆیان لە هێرشکردن و رەخنەگرتن لە ناوبژیوانەکە پاراستووە لەترسی ئەوەی رووبەڕووی سزا ببنەوە، لە کاتێکدا هەفتەی داهاتوو کلاسیکۆ بەرامبەر بارسێلۆنا ئەنجامدەدەن.
 
کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکەی ریال مەدرید، بڕیارەکانی ناوبژیوانی یارییەکەی بە 'سکانداڵ' ناوبردووە.
 
شرۆڤەکارێکی کەناڵەکە لە کاتی شرۆڤەی یارییەکەدا، رووداوەکانی نێو یارییەکەی بە سکانداڵی دی بۆرگۆس بینگۆچیا  ناوبردووە، ئەو گوتوویەتی، "باشترین یاریزانی یارییەکە بینگۆچیا بوو، بەباشترین شێوە رۆڵی خۆی گێڕا".
 
کەناڵەکە بۆ پێشاندانی هەڵەکانی ناوبژیوانەکە، وێنەیەکی ئەو گۆڵە رەتکراوەیەی ریال مەدرید پەخشکردووە کە لە نێو هاندەرانەوە گیراوە و دەریدەخات لە ساتی لێدانی تۆپەکەدا، سێرجیۆ رامۆس لە پشتی جود بێلینگهامەوەیە و بووەتە هۆکاری شکاندنی ئۆفسایدەکە.
 
ئەو شرۆڤەکارە هەروەها دەڵێ، "ئێمە دەبینین راستییەکە چییە، بەڵام دەبێ باوەڕ بەوە بهێنین کە ئۆفساید هەیە. وێنەکە روونە و هیچ گومانی تێدا نییە. ئەمە گرتەیەکە جێگەی داخە".
 
یارییەکەی سێڤییا و ریال مەدرید، هەروەها رووداوی پێکدادانی یاریزانانی نێوان هەردوو یانەی بەخۆوەبینی، لەگەڵ سووکایەتی و رەگەزپەرستی جارێکی دیکە، بەرامبەر ڤینیسیۆس جۆنیۆری هێرشبەری ریال مەدرید، لەلایەن چەند هاندرێکی سێڤییاوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە