ڤیدیۆ؛ لیڤەرکوزن ناوەستێت و کوردێک سەرکردایەتیی شتوتگارتی کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێکی زۆری یارییەکانی گەڕی هەشتەمی بوندێسلیگا بەڕێوەچوون، یانەی بایرلیڤەرکوزن لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و یاریزانێکی کوردیش لە ریزەکانی شتوتگارت، سەرکردایەتیی یانەکەی کرد بۆ بردنەوەی سێ خاڵی دیکە.
 
ڤۆلگسڤاگن ئارێنایە، لیڤەرکوزن میوانی فۆڵڤسبۆرگە لە رکابەرییەکانی گەڕی هەشتەمی بوندێسلیگادا.
 
دوای 13 خولەک جێرێمی فریمپۆنگ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد و بەبێ ئەوەی تۆپەکە بگاتە تۆڕی گۆڵ، هێڵی گۆڵەکەی بڕی.
 
پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم بە چوار خولەک ماکسێنس لاکرۆی ئەنجامەکەی بۆ فۆڵڤسبۆرگ یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
 
لە خولەکی 62 ئالێکس گریمالدۆ، بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی دووەمی بۆ بایرلیڤەرکوزن تۆمارکرد، لیڤەرکوزن یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
 
چابی ئەڵۆنسۆ لە 8 گەڕدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و بە 22 خاڵ پێشەنگی خولی ئەڵمانیایە.
 
یانەی شتوتگارت لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە، ئەمجارە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە یونیەن بەرلینی بردەوە.
 
16 خولەک تێپەڕین، سێرهۆ گێراسی گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، یاریزانەکە لە 8 یارییدا خاوەنی 14 گۆڵە و پێشتر لە بوندێسلیگادا ئەمە نەکراوە.
 
نیوەی یەکەمی یارییەکە تەنیا ئەو گۆڵەی بەخۆیەوە بینی و دوای ئەوەش گێراسی تووشی پێکانبوو.
 
لە نیوەی دووەمدا شتوتگارت درێژەی دایە ئاستە بەرزەکەی و لە خولەکی 81 سیلاس بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی دووەمی تۆمارکرد.
 
ئەمجارە نۆرەی دەنیز ئونداڤ، هێرشبەری کوردی شاری روهای باکووری کوردستان هات و یاریزانەکە شتوتگارتی کردە خاوەنی سێ گۆڵ و سێیەم گۆڵی خۆی لەم وەرزەدا تۆمارکرد.
 
شتورتگات بە سێ گۆڵ سێ خاڵی بردەوە و بە 21 خاڵ لە پلەی دووەمە.
 
11 خولەک بەسەر دەستپێکردنی یاریی بایرن میونشن و ماینز تێپەڕی، کینگێسلی کۆمانی فەرەنسی گۆڵێکی جوانی بۆ باڤارییەکان تۆمارکرد و هەر زوو یانەی میوانی پێشخست.
 
لە خولەکی 16 هاری کەین بایرنی کردە خاوەنی دوو گۆڵ، ئەمە نۆیەم گۆڵی ئەستێرە ئینگلیزییەکەیە لەم وەرزەی بوندێسلیگادا.
 
بەرلەوەی نیوەی یەکەم کۆتاییبێت، ئانتۆنی کاسی بەلێدانێکی بەهێز ئەنجامەکەی بۆ ماینز کەمکردەوە.
 
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا لیۆن گۆرێتسکا هیواکانی ماینزی لەنێوبرد، کاتێک گۆڵی سێیەمی بۆ ئێف سی هۆلیۆود تۆمارکرد.
 
بایرن میونشن یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە، یانەکە بووە خاوەنی 20 خاڵ و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە.