ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەدەچێت

رووداو هەولێر 

بڕیارە هەینی داهاتوو دەیەمین ماراسۆنی نێودەڵەتی هەولێر بەڕێوەبچێت و لە رێگای 3 بنکە و لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە ناو تۆمارکردن بۆ ئارەزوومەندانی ماراسۆن دەستیپێکردووە. 
 
رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن، کە سەرپەرشتی ئەم چالاکییە وەرزشییە دەکات، ئەمساڵ چالاکییەکانی بەسەر 3 ئاستدا دابەشکردووە کە بریتین لە ماراسۆنی گەورە کە 42 کیلۆمەترە لەگەڵ راکردنی 12 کیلۆمەتر و 2 کیلۆمەتر. ئەوەی تایبەت بێت ماراسۆنەکە خاڵی دەسپێک لە بەردەم هۆتێل دیڤان لە شەقامی 40 مەتری دەبێت و راکەران بە شەقامی شەست مەتری رادەکەن و خاڵی کۆتایش لەنێو پارکی سامی عەبدولڕەحمان دەبێت. 
 
عەبدولستار عیسمەت، سەرۆکی رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "خۆشبەختانە ئەمساڵ بۆ جاری دەیەم رۆژی 27ـی ئەم مانگە ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەدەبەین و ئامادەکارییەکانمان زۆر باشن کە پێنج مانگە سەرقاڵی کارەکانین بۆ ئەوەی بەجوانترین شێوە ئەم چالاکییەمان نمایش بکەین". 
 
ئێستا لەنێو شاری هەولێردا 3 بنکەی ناونووسین رۆژانە کراوەن بۆ تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت لە ماراسۆنەکە بەشداربن، بنکەکان لەنێو پارکی سامی عەبدولڕەحمان، پارکی شانەدەر و ناو بازاڕی هەولێرە، بەشێوازی ئەلیکترۆنیش هەوادارنی وەرزشی و وەرزشوانان لەسەر ئاستی وڵاتانی دەرەوەش دەتوانن خۆیان ناونووس بکەن و داواکاری بەشداری پێشکەش بکەن. 
 
عیسمەت، زیاتر گوتی "ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی یابان، چین، ئەمریکا و وڵاتانی ئەفریقیا و ئەوروپا بەشێوەی گرووپ دێن بەشداری دەکەن، چەند راکەرێکی جیهانیش کە بەردەوام لە پلەکانی پێشەوەی ماراسۆنەکانن ئەوانیش داوای بەشداریکردنیان کردووە، چاوەڕواندەکرێت رۆژی سێشەممەی داهاتوو ئەو گرووپانە بگەنە شاری هەولێر". 
 
لە رووی ناوبژیوانی و یاساییەوە رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن بەشێوەیەکی ورد لە رێگای ئامێری ئەلیکترۆنی تایبەت و کامێرا چاودێری ئەنجامی بەشداربووان دەکەن، 150 ناوبژیوان بەسەر شەقامەکان دابەش دەکرێن کە خولی تایبەت بە بەڕێوەبردنی ماراسۆنیان دیتووە. 
 
رێکخەرانی ماراسۆنی هەولێر ساڵانە بەشداری ماراسۆنە جیهانییەکان دەکەن، ئەمەش وایکردووە سوود لە ئەزموونی وڵاتانی ئەوروپا ببینن لە بەڕێوەبردنی ماراسۆنی پایتەختی کوردستان بەشێوەی سەرکەوتوو.