ڤیدیۆ؛ رۆناڵدۆ سەرکەوتنێکی دیکەی بۆ نەسڕ بەدەستهێنا

رووداو دیجیتاڵ

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی، جارێکی دیکە سەرکردایەتی یانەی نەسڕی کرد بۆ سەرکەوتنێکی نوێ و 3 خاڵی دیکە.
 
لە گەڕی 10ـی خولی رۆشنی سعودیەدا، یانەی نەسڕ لە ریاز میوانداری زەمکی کرد و بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لێیبردەوە.
 
سەرەتا رۆناڵدۆ گۆڵێکی کرد، بەڵام دەرکەوت کە ئۆفسایدە و رەتکرایەوە.
 
لە خولەکی دووەمی کاتی زیادکراوی نیوەی یەکەمدا، و لە هێرشێکی پێچەوانەوەدا، جۆرج کیڤن نکۆدۆ گۆڵی یەکەمی بۆ تیپی زەمک تۆمارکرد.
 
لە نیوەی دووەمدا رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی بە جۆش و خرۆشێکی زیاترەوە هاتنە نێو یاریگە و هەرزوو و دوای تێپەڕبوونی تەنیا 7 خولەک، ئەندرسۆن تالیسکای یاریزانی بەرازیلی بە تۆمارکردنی گۆڵێک ئەنجامەکەی بۆ نەسڕ یەکسانکردەوە.
 
دوای چوار خولەک لە لێدانێکی راستەوخۆدا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵی دووەم و بردنەوەی بۆ یانەی خاوەن یاریگە تۆمارکرد.
 
بەم سەرکەوتنە نەسڕ بووە خاوەنی 22 خاڵ و لە پلەی پێنجەمەوە گەیشتە پلەی سێیەم لە ریزبەندیی خولەکە. لە کاتێکدا زەمک بە 10 خاڵ لە پلەی یانزدەمدایە.