کۆمپانیای گەشتیاری: خەڵکێکی زۆر بۆ یاریی گاڵاتەسەرای و ریال چوونەتە تورکیا

رووداو - هەولێر

ژمارەیەکی زۆری هاندەرانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە باشووری کوردستان چوونەتە تورکیا، بۆ ئامادەبوون لە یاری یانەکەدا بەرامبەر گاڵاتەسەرای و نووسینگەکانی فرۆکەوانیش بەهۆی یارییەکەوە بەرناکەون.

کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی کە سەرپەرشتی هاندەرانی دەکرد بۆ گەشتەکەیان لە هەولێر بۆ تورکیا دەڵێت، ماوەی دوو مانگە پاکێجێکی تایبەتیان بەم یارییە ئامادەکردووە، ژمارەیەکی زۆری هەواداری یانەکە داوایان پێشکەش کرد و ئامادەبوون بچنە تورکیا، بەڵام ئێستا بەهۆی بارودۆخی رۆژئاوای کوردستانەوە، خەڵک ترسیان لە گەشتکردن بۆ تورکیا هەیە و لە رۆژانی رابردووشدا داواکارییەکان بۆ گەشتەکە کەمبووەوە.

بڕوا سەعید خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکانی فرۆکەوانی بە رووداوی راگەیاند، زیاتر لە سەد کەس لە رێگای فرکەخانەی هەولێرەوە تەنیا لە شەوی رابردوودا چوونەتە ئەستەنبوڵ و بلیتی یارییەکەشیان بۆ کڕیووە، بۆ ئەوەی لەنێو یاریگەی تورک تێلیکۆم بینەری یارییەکە بن.

نووسینگەیەکی دیکەی تایبەت بەو بوارە دەڵێت، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 200 بلیتی یارییەکەیان فرۆشتووە و خەڵکێکی زۆر لە باشووری کوردستانەوە بۆ ئەو یارییە چوونەتە تورکیا.

ئەمشەو لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، کاژێر 22:00 یانەی گاڵاتەسەرای تورکی میوانداری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی یارییدەکات.

ئامادەکردن؛ محەممەد کارێزی