ئەمشەو دێربیی میلانۆیە و ترس لە شکستێکی قورس لە ئارادایە

رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو لە کاژێر 21:45 بەکاتی باشووری کوردستان، یانەی ئینتەرمیلان لەسەر یاریگەی جۆسێپی میاتزا میوانداریی میلانی دراوسێی دەکات و میلان ترسی لە شکستێکی مێژوویی هەیە.
 
ئەگەر لە چەند وەرزی نزیکی رابردوودا دێربی میلانۆ، بەهۆی نزیکیی ئاستی هەردوو جەمسەرەکەی شارەکەوە، پارێزگاری لە دێرینی و تووندی ململانێیەکەی نێوخۆی کردبێت و بەیەکێک لەسەرنجڕاکێشترین یارییەکانی خولی ئیتاڵیا مابێتەوە، پێناچێ دێربییەکەی ئەمجارە ئەو تایبەتمەندییانەی تێدا مابێتەوە.
 
جۆسیپی میاتزا دەبێتە مەیدانی بەریەککەوتنی یەکەمی نێوان دوو زەبەلاحەکەی شاری میلانۆ، بەڵام ئەو دوو زەبەلاحە بەدوو دۆخی جیاوازدا تێدەپەڕن، هەربۆیە هەریەکەیان ئاوازێکی جیاواز لە یارییەکەدا دەژەنێت.
 
ئینتەرمیلانی خاوەن یاریگە، دوای دوو یەکسانبوون و دوو بردنەوە. پاش یەکسانبوون لەگەڵ مانچێستەر سیتی لەنێو یاریگەی ئەو یانەیە لە چامپیۆنزلیگ، بەهەموو شێوەیەک بۆ جەنگەکەی دێربی ئامادەیە و دووپاتیدەکاتەوە، ئەمساڵیش ساڵی رکابەری لەسەر نازناوەکە دەبێت.
 
ئینتەرمیلان ویستی گەورەی بۆ یەکلاکردنەوەی دێربی لە بەرژەوەندی خۆی هەیە، چونکە دڵنیایە یارییەکە دووڕیانێکی گرنگە، لەپێناو مانەوە لەسەر راستەڕێی رکابەری لەسەر نازناوی خولەکە، تاوەکو کۆتایی وەرز.
 
تەواو پێچەوانەی ئینتەر، میلان دۆخێکی جیاوازی هەیە، هێشتا تیپەکە جێپێی خۆی لە یاریگەدا قایمنەکردووە و مانشێتی سەرەکی لەبەرەی یانەکەدا، دوورخستنەوەی پاولۆ فۆنسێکای راهێنەرە لە مەشقدانی تیپەکە.
 
تەنیا یەک بردنەوە لە چوار یاریی سێری ئا و شکستی قورس بەرامبەر لیڤەرپوولی ئینگلیزی لە یاریگەی خۆیدا لە چامپیۆنزلیگ، هەمووانی لەسەر یەک را کۆک کردووە، ئەنجامی دێربی، چارەنووسی فۆنسێکاش لەگەڵ تیپەکەدا یەکلادەکاتەوە.
 
ئەو دەنگوباسانەی لە بەرەی میلانەوە کەوتوونەتە سەر رووپەلی رۆژنامەکان، دووپاتیدەکەنەوە ناکۆکی، ناتەبایی و لێکتێنەگەیشتن و ناهاوئاهەنگی بەسەر ژووری جلگۆڕینی تیپەکەدا زاڵە، ئەو زاڵبوونە هەمووانی لە یانەکەدا پەرتکردووە و میلانیش بەپەرتییەوە دەرەقەتی ئینتەرمیلان نایەت، هەر بۆیە دۆڕانی یارییەکە، کۆتایی کاروانە کورتەکەی فۆنسێکا دەبێت لەگەڵ یانەکە و ئیدی گەشتی گەڕان بەدوای راهێنەرێکی نوێدا دەستپێدەکات، لە کاتێکدا هێشتا وەرز زۆر لەسەرەتادایە.