هاندەرانی رۆما هەڕەشەی کوشتن لە خانمە بەرپرسێکی یانەکە دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

لینا سۆلۆکۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی رۆمای ئیتاڵی، لەلایەن هاندەرانی یانەکەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکرا و دەستیلەکارەکەی کێشایەوە.
 
کێشە نێوخۆییەکانی یانەی رۆما بەرەو تەقینەوەی زیاتر دەچن، پاش دوورخستنەوەی دانیێلی دی رۆسی، راهێنەری تیپەکە. لە رۆما کار گەیشتووەتە هەرەشەی کوشتن لە بەرپرسانی یانەکە.
 
یانەی رۆما، چەند رۆژێک لەمەوبەر دوورخستنەوەی دی رۆسی لە مەشقدانی یانەکە بەهۆی ئەنجامە خراپەکانەوە راگەیاند. دواتر  یانەکە ئاشکرایکرد مەشقدانی تیپەکەی بە ئیڤان یۆریچی راهێنەری کرواتی داوە، بەڵام بڕیارە یەک لەدوای یەکەکان، هاندەرانی یانەکەی وروژاند.
 
دەستەی هاندەرانی رۆما، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، سەرکۆنەی بڕیاری کارگێڕیی یانەکەی کرد و هەڕەشەی مانگرتنی گەورەی کرد، تا ئەوکاتەی دی رۆسی دەگەڕێتەوە یانەکە.
 
کێشەکە هەر بەوەندە کۆتایی نەهات، سەرچاوەکان گوتیان ژمارەیەک هاندەری یانەی رۆما، هەڕەشەی کوشتنیان لە لینا سۆلۆکۆ کردووە پاش بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیانەی ئاشکرایانکردووە، ئەو ناکۆکیی گەورەی لەگەڵ دی رۆسی هەبووە و دەستیلەکارەکانی وەرداوە و بەپێویستی زانیوە ئەو ئەفسانەیەی پێشووی یانەکە، لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.
 
ئەگەرچی پاش هەڕەشەی هاندەرەکان، پۆلیسی رۆما هێزێکی تایبەتی بۆ پاراستنی ئەو خانمە تەرخانکرد، بەڵام ئەو سووربوو لەسەر وازهێنانی یەکجاری لە یانەکە و دەستیلەکارکێشایەوە.
 
یانەی رۆما لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێ، "لینا سۆلۆکۆ دەستیلەکارکێشایەوە، سوپاسی دڵسۆزیی دەکەین لە قۆناخی هەستیاری یانەکەماندا، هیوادارین لە ئاڵنگارییەکانی داهاتووی ژیانیدا سەرکەوتوو بێت. خاوەنەکانی یانەکە بەتەواوی بەردەوام دەبن لە چاودانە سەر گەشەکردن و باشتربوونی دۆخی یانەکە و بایەخپێدانی بەردەوام بەو بەهایانەی تیپەکەی ئێمەیان نایاب کردووە.
 
رۆما ئێستا لە پلەی حەڤدەی خشتەی خولی ئیتاڵیایە بەکۆکردنەوەی سێ خاڵ دوای چوار یاری لە وەرزی ئەمساڵی خولەکە.