رووداو دیجیتاڵ
نیکۆلا سارکۆزی، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا و کەسایەتیی سیاسیی دیاری ئەو وڵاتە، کە هاندەری پاریس سانجێرمان، رەخنەی لە شێوازی رۆیشتنی کیلیان ئێمباپێ لە یانەکە فەرەنسییەکە هەیە.
کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا، کیلیان ئێمباپێ، دوای حەوت ساڵ یارییکردن بۆ سانجێرمان، هاوینی ئەمساڵ بەبێ بەرامبەر یانەکەی بەجێهێشت و پەیوەندی بەریال مەدریدی ئیسپانییەوە کرد.
تاوەکو ئێستا کێشەی نێوان کیلیان و سانجێرمان بەهۆی نەدانی هەندێک شایستەی داراییەوە بەردەوامە و دۆسێیەکە لە دادگایە.
نیکۆلا سارکۆزی، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا کە تەماشاکەرێکی بەردەوامی یارییەکانی پاریس سانجێرمانە و لە یاریگەی 'پارک دو فرانس' ئامادە دەبێت، دەڵی، لە ویستی رۆیشتنی کیلیان بۆ ریال مەدرید تێدەگەم، بەڵام شێوازی رۆیشتنەکەم بەدڵ نەبوو.
رۆژنامەی 'لوپاریزیان'ی فەرەنسی لە زاری سارکۆزی گواستووەتەوە "کیلیان حەوت ساڵی خۆی بەخشییە یانەکە و لەبیر ناکرێت. هەستی نایابی پێداین، ئەو رووبەڕووی ئەوە بووەوە کە سەرنجی هەموومان رادەکێشێت، ئەوەی کە هەمووان هەستدەکەین لە شوێنێکی دیکە دۆخمان باشتر دەبێت".
هەروەها دەڵێ، "دەتوانم لەوە تێبگەم کە ئەو رۆیشتنی دەویست، دەتوانم لەوە تێبگەم کە ئەو خەونی دەبینی، بەڵام بەلای منەوە قورسە لەوە تێبگەم بۆچی بەو شێوەیە رۆیشت و کارەکەی ئەنجامدا".
بەپێی هەندێک سەرچاوە، سارکۆزی یەکێک بووە لەو کەسایەتییانەی گوشاریان لەسەر ئێمباپێ دروستکردبوو بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە ساڵی 2022.
کیلیان خۆیشی ئەوەی ئاشکراکردبوو کە سارکۆزی و ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی ئێستای فەرەنسا، پاڵنەری بوون بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ