ئەنچیلۆتی لەسەر دوو کێشە لە یاریزانەکانی تووڕەیە

22-09-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچیلۆتی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو هەولێر 

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، پەسنی باشتربوونی ئاستی تیپەکەی دا، دوای بردنەوە گەورەکەی بەرامبەر ئیسپانیۆل بەئەنجامی 4-1، کە یاریزانەکانی بە ئاستێکی بەرز دەرکەوتن. بەڵام دانی بەوەشدا نا کە بەهۆی بوونی دوو کێشەوە زۆر تووڕەیە لە یاریزانەکانی. 
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، جەختی لەوە کردەوە کە یاریزانەکانی وردە وردە دەگەنە باشترین وەشانی خۆیان.
 
ئەنچیلۆتی، گوتی "یارییەکە زۆر گشتگیر بوو، زۆر باشتر یاریمان کرد، خێرا بووین، هەلی زۆریشمان هەبوو، هەست بە دڵخۆشییەکی زۆر دەکەم، لە هێرشبردندا خێراتر یاریمان کرد، تۆپەکەمان بەخێراییەکی خێراتر جوڵاند، هەندێک جوڵە باشتربوو، و ئێمە ناوچەکەمان بەباشی داپۆشیبوو".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، بەبێ هێرشبەرێکی سەرەڕمی وەک کیلیان، رۆدریگۆ لە گۆڵی دووەمدا کارێکی نایابی کرد، بێلینگهامیش سەرکەوتوو بوو، ئێمە لە دۆخێکی باشداین، و وردە وردە دەگەڕێینەوە بۆ باشترین ئاستەکانمان".
 
هەروەها ئەنچیلۆتی ناڕەزایی خۆی لە زۆر وەرگرتنی کارتی زەرد لەلایەن یاریزانەکانی دووپاتکردەوە، و بە زیادەڕوویی لەقەڵەمدا بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین یان قسەکردنیان لەگەڵ ناوبژیوان و گوتی "ئەم وەرزە شتەکان گۆڕاون، پێویست ناکات ناوبژیوانان بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی یاریزانان زیادەڕوویی بکەن لە بەخشینی کارتی زەرد. شێوازەکە جیاواز بووە، ناوبژیوانان تووندتر بوونە، بۆیە دەبێت یاریزانەکانیشمان خۆیان لەگەڵ ئەم دۆخە بگونجێنن و زیادەڕوویی نەکەن لە ناڕەزایەتی دەربڕین".
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکە، لە بەشێکی قسەکانیدا، دانی بەوەدانا کە لە سەرەتای وەرزەوە تاوەکو ئێستا کێشەیەکی دیکەش هەیە و بەردەوامە، ئەویش گۆڵنەکردنە لە گێمی یەکەمدا و لەو بارەیەوە گوتی "لەم وەرزەدا لە گێمی یەکەمدا تەنیا گۆڵێکمان تۆمارکردووە، ئەمەش خاڵێکە کە پێویست بوو بەر لە یارییەکە من قسەی لەسەربکەم بۆ یاریزانەکان بەئامانجی راستکردنەوەی ئەم دۆخە، بەڵام هیچ گۆڕانکارییەک رووی نەدا، سەرەڕای ئەوەی گێمی یەکەممان لەم یارییەدا زۆر باشتربوو لە یارییەکانی پێشوو".
 
بە بردنەوە لە ئیسپانیۆل، ریال مەدرید لە پلەی دووەمی لالیگادا مایەوە، کە خاوەنی 14 خاڵە، و بەشێوەیەکی کاتی جیاوازییەکەی لەگەڵ بارسێلۆنای پێشەنگ بۆ تەنیا خاڵێک کەمکردەوە، کە خاوەنی 15 خاڵە و ئەم ئێوارەیە بەرامبەر ڤیاریال یاری دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە