رووداو دیجیتاڵ
مانچێستەر سیتی لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی ئارسیناڵ دەکات و پێپ گواردیۆلا دەڵێ، ئارسیناڵ تیپێکە بەزەحمەت دەتوانین هێرشی بکەینە سەر.
پێپ گواردیۆلا کە دڵخۆشیی خۆی بەگەڕانەوەی فیل فۆدین بۆ پێکهاتەی تیپەکەی دەربڕی، دەڵێ، "هەموو یاریزانێک پێویستی بەپشوو هەیە. فیل لە هەفتەکانی رابردوودا هەندێک کێشەی هەبوو، بەڵام بەرامبەر ئینتەرمیلان 45 خولەک یارییکرد و باش دەرکەوت، ئەو باشترین یاریزانی وەرزی رابردووی ئێمە بوو".
راهێنەری مانچێستەر سیتی لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی ئارسیناڵەوە دەڵێ، "دەبێ بەشێوازی جیاواز گۆڵ بکەین، گۆڵکردن لە تۆپی جێگیرەوە لەوان کارێکی ئاسان نییە".
ئەو هەروەها دەڵێ، "باڵای یاریزانەکانیان لە یاریزانانی ئێمە بەرزترە، خێران لە تۆپ گواستنەوەدا و لەبەرگریدا بەهێزن، گابریێل و سالیبا بەدرێژایی کات کێشە بۆ هالاند دروستدەکەن، هەربۆیە هێرشکردنە سەریان کارێکی ئاسان نییە".
پێپ هەروەها گوتوویەتی، "لە 2024دا ئەوان لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان نەدۆڕاون، ئەمە تەنیا یارییەک و دووان نییە، ئەوان هاوئاهەنگن و گۆڵیان لێناکرێت".
گواردیۆلا ئامانجی خۆی لە یارییەکەدا بەوە دەستنیشانکردووە، کە "چاوەڕێی دەرکەوتنم لە هەموو یارییەکدا بەئاستێکی باشەوە، کاتێک رکابەرەکەت لە تۆ باشتر یارییدەکات، هەلی گەشەکردنی زیاترت هەیە".
لای خۆیەوە، میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ لەبارەی یارییەکەوە دەڵێ، "دەمانویست وەک سیتی کاتی زیاترمان هەبێت بۆ پشوو، تاوەکو باشتر خۆمان ئامادە بکەین، بەڵام کاتمان نییە و دەبێ خۆمان لەگەڵ دۆخەکەدا بگونجێنین و باش ئامادەبین بۆ بردنەوەی یارییەکە".
مارتن ئۆدیگاردی کاپتنی ئارسیناڵ بەهۆی پێکانەوە بەشداری یارییەکە ناکات، راهێنەری ئارسیناڵ دەڵێ، چاودێری دۆخی دەکەین و دەمانەوێت بزانین پاژنەی تاچەند باشتر بووە، تیمی پزیشکی وردەکارییەکانمان پێدەڵێن و ماوەی دوورکەوتنەوەی دیاریی دەکەین.
راهێنەری ئارسیناڵ، لەبارەی ئەگەری بەشدارینەکردنی کیڤن دیبرۆین، دەڵێ، "سیتی بژاردەی جێگرەوەی هەیە، وەک گوندۆگان، بێرناردۆ، فۆدین و کۆڤاسیچ، هەمووان یاریزانی جیهانین".
ئارتێتا دەڵێ، "هەندێک یاریزانمان یاریی ناکەن، بەڵام دەبێ خۆمان بگونجێنین لەگەڵ دۆخەکەدا، لەمجۆرە یارییانەدا ناتواین پشت بەیەک یاریزان ببەستین".
راهێنەری ئارسیناڵ، مانچێستەر سیتی بە سەقامگیرترین تیپی مێژووی پرێمەرلیگ ناوبردووە، ئەو دەڵێ، نەک تەنیا وەک ئەنجام، بەڵکو وەک توانای کۆنترۆڵ وباڵادەستی و پارێزگاری لەباشترین ئاست.
ئارتێتا بنمیچی ویستی خۆی لە یارییەکەدا بەوە رووندەکاتەوە، "ئەمە ئاڵنگارییەکەیە، دەبێ بچینە یاریگەی ئەوان و بۆیان بسەلمێنین کە ئێمە بەرەو پێشچووین و دەتوانین رکابەرییان بکەین".
هەردوو یانە کاژێر 18:30 بەکاتی باشووری کوردستان لە یاریگەی ئیتیحادی تایبەت بە مانچێستەر سیتی رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ