خاوەنی مانچێستەر سیتی دەیەوێت یانەیەکی دیکە بکڕێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

شێخ مەنسوور بن زایدی ئیماراتی و خاوەنی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی و کۆمەڵەی سیتی گرووپ، دەیەوێت یانەیەکی دیکە بکڕێت و ژمارەی یانەکانی بۆ 12 یانە بەرزبکاتەوە.
 
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، هەنگاوەکانی کڕینەوەی یانەی باهیای بەرازیلی لەلایەن شێخ مەنسوورەوە بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و بڕیارە، لە هەفتەی داهاتوودا هەنگاوەکان زیاتر بچنە پێشەوە و رێککەوتنی کۆتایی بکرێت.
 
بەم هەنگاوە کۆمەڵەی سیتی گرووپ دەبێتە سێیەمجار بچێتە ئەمریکای باشوور، لەکاتێکدا خاوەنی بەشێکی پشکەکانی یانەی مۆنتێڤیدیۆ سیتی تورکی ئۆرۆگواییە و خاوەنی بەشێکی پشکەکانی یانەی کلەب بۆلیڤاری بۆلیڤارییە.
 
کۆمەڵەی سیتی گرووپ، بەهێزترین ناوی تۆپی پێی جیهانە، خاوەنی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، نیویۆرک سیتی ئەمریکی و مێلبۆرن سیتی ئوسترالییە و لەلایەن کۆمەڵەی ئەبوزەبی بۆ گەشەپێدان و وەبەرهێنان بە رێژەی 78٪ خاوەنداریەتیی دەکرێت.
 
جگە لەو یانانە سیتی گرووپ، خاوەنی یانەکانی یۆکۆهاما ئێف مارینۆسی ژاپۆنی، خیرۆنای ئیسپانی، سیشوان جیونیۆی چینی، مۆمبای سیتی هیندی، لومێلی بەلجیکی و تروای فەرەنسییە، کە هەریەکەیان بەرێژەیەکی پشکی تێدا هەیە.
 
شێخ مەنسوور بن زاید ئەلنەهیان تەمەنی 51 ساڵە، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری دیوانی سەرۆکایەتیی ئیماراتە، لە وڵاتەکەیدا لەنێو پۆستە وەرزشییەکاندا سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی یانەی ئەلجزیرەیە.