رووداو دیجیتاڵ
وەرزی نوێی خولی باسکەی یانەکانی عێراق دەستپێدەکات، یانەی زاخۆ وەک تاکە نوێنەری کوردستان لە خولەکەدا بەشدارە و دەیەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە بکات.
لە وەرزی نوێی خولەکەدا، 13 یانە بەشدارن لەسەر ئاستی کوردستان، تەنیا یانەی زاخۆ بەشداری لە خولەکەدا دەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی باشیش یانەکە گرێبەستی لەگەڵ راهێنەری سێربی میلان نیسج واژۆکردووە کە وەرزی رابردووش سەرپەرشتی مەشقدانەوەی تیپەکەی دەکرد، جگە لەوەش گرێبەستی لەگەڵ دوو یاریزانی پیشەگەری ئەمریکی بەناوەکانی بێلگەر سی و ئیساک پەنکس واژۆکردووە.
بلند شەفیق، سەرۆکی یانەی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان پێکهاتەیەکی زۆرباشیان بۆ ئەم وەرزە ئامادەکردووە، زۆرینەی یاریزانەکانی یانەکەیان کوردن و دەیانەوێت رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی باشبکەن لە خولەکەدا، بۆ ئەوەش پێویستیان بە پاڵپشتیی هاندەران هەیە، بەتایبەت لەو یارییانەدا کە لە یاریگەی خۆیاندا ئەنجامدەدرێن.
شەش یاریی یەکەمی یانەی زاخۆ لە یاریگەی خۆیدا بەڕێوەدەچن، یەکەم یاریی لە رۆژی 25ـی ئەم مانگە دەبێت بەرامبەر یانەی قوە جەوییە، رۆژی دوای ئەوە یانەکە رووبەڕووی کەرخ دەبێتەوە، پاشان لە 28ـی مانگ بەرامبەر یانەی کارەبا یارییدەکات، رۆژی 29-9 زاخۆ و نەفت بەرامبەر یەکدی یارییدەکەن، رۆژی 1-10 رووبەڕووی نەفتی شیمال دەبنەوە و پاشانیش رۆژی دوای ئەوە بەرامبەر غازی شیمال یارییدەکەن و هەموو ئەم یارییانەی زاخۆ لە یاریگەی خۆیدا بەڕێوەدەچن.
وەرزی رابردوو زاخۆ بەشداریی لە خولەکەدا کرد و پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەی بەدەستهێنا.
چەند رۆژێک لەمەوبەر لە یادی بە ئیدارەکردنی زاخۆدا، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " پاڵپشتیی یانەی زاخۆ دەکەین و چاوەرێی بەدەستهێنانی ئەنجامی باشیان لێدەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ