شاکیرا: لە پێناو پیکێ قوربانیمدا و ئێستاش لە کاتێکی سەختدام

22-09-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن پیکێ شاکیرا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شاکیرای گۆرانیبێژی بەنێوبانگی کۆڵۆمبی دەڵێت بە سەخترین و خەمبارترین کاتەکانی ژیانیدا تێدەپەڕێت و باس لە پەیوەندیی خۆی و جێرارد پیکێ، بەرگریکاری یانەی بارسێلۆناش دەکات.
 
شاکیرا بۆ گۆڤاری ئایلی ئیسپانی قسەیکردووە و دەڵێت " دوو منداڵم لە پیکێ هەبوو، ئەو دەیویست تۆپی پێ بکات و نازناو بباتەوە، پێویستبوو لەسەرم پاڵپشتیی بکەم، دەبووایە گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا هەڵبوەشێنێتەوە و لەگەڵ من بێتە ئەمریکا کە کارەکەم لەوێیە، یانیش من لەو شوێنە بەردەوامبم کە ئەو کاری تێدا دەکات."
 
گۆرانیبێژە کۆڵۆمبییەکە هێشتا گوتی " دەبووایە یەکێکمان قوربانی بدات، من ئەو قوربانیەمدا و هەوڵمدا کاروانی خۆم بخەمە پلەی دووەم و چوومە ئیسپانیا بۆ ئەوەی پاڵپشتیی پیکێ بکەم بۆ بەردەوامیدان بە یارییکردن و بەدەستهێنانی نازناوەکان، ئەوە شتێک بوو لە خۆشەویستیم بۆ ئەو کردم."
 
شاکیرا دەڵێت " گرنگ نییە شتەکان چۆن بوون، یان دوای جیابوونەوەمان من و پیکێ چ هەستێکمان بۆ یەکدی هەیە، ئەو باوکی کوڕەکەمە و پێویستە کاربکەین لەپێناو ئەم دوو منداڵە جوانانەمان."
 
هاوڕێی پێشووی پیکێ پەیامێک ئاراستەی ئەو کەسانە دەکات کە لەبارەی ئەو دووانەوە قسەدەکەن و دەڵێت " من لەو بڕوایەدام، بۆمان دەردەکەوێت کە چی باشترینە بۆ داهاتوو و باشترین چارەسەر بۆ هەموو لایەک چییە، هیوادارم خەڵک ئەو دەرفەتەمان پێبدات بۆ ئەوەی خۆمان ئەم کارە بکەین."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا شاکیرا گوتی " هیچ شوێنێک نییە من خۆم و کوڕەکەم لە پاپارازییەکان بشارمەوە، جگە لە ماڵەکەم، ئێمە ناتوانین وەک خێزانێکی ئاسایی بە پێ لە پارکێکدا بڕۆین، یان بچین ئایسکرێم بخۆین بەبێ ئەوەی ئەوان بەدوامانەوە نەیێن."
 
پیکێ لە مۆندیالی 2010ـەوە پەیوەندیی لەگەڵ شاکیرای ئەستێرەی بەنێوبانگی کۆڵۆمبی هەبووە، خاوەنی دوو منداڵان بە ناوەکانی ساشا و میلان، بەڵام چوار مانگ لەمەوبەر لەیەکدی جیابوونەوە و ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە