دایکی رۆناڵدۆ داوایەک لە کوڕەکەی دەکات: تکایە بەرلەوەی بمرم بیکە

22-09-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ماریا دۆلۆرێس ئاڤیێرۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دایکی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، داوایەک لە کریسی کوڕی دەکات و دەڵێت "هیوادارم بەرلەوەی بمرم کریستیانۆ ئەو کارە بکات".
 
ماریا دۆلۆرێس ئاڤیێرۆی دایکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، داوای لە کوڕەکەی کرد جارێکی دیکە بگەڕێتەوە ریزەکانی یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنەی پۆرتوگالی، کە کریس لەو یانەیە ناسرا و لەوێوە چووە مانچێستەر یونایتد.
 
دایکی رۆناڵدۆ ئەو یانەیەی وڵاتەکەی زۆر خۆشدەوێت، کە کریستیانۆ ساڵی 1997 لە تەمەنی 12 ساڵی پەیوەندی بەو یانەیەوە کرد و تاوەکو ساڵی 2003 لەگەڵیدا بەردەوام بوو، بەرلەوەی بچێتە ریزەکانی مانچێستەر یونایتد، کە ئاڤیرۆ هیواخوازە رۆناڵدۆ جارێکی دیکە درێسی لیشبۆنە لەبەربکاتەوە.
 
دۆلۆرێس ئاڤیێرۆ، لەو بارەیەوە لە لێدوانێکی نوێدا، گوتی "کاتێک بە رۆناڵدۆ دەڵێم بگەڕێوە لیشبۆنە، پێمدەڵێت با بزانین".
 
ئەو زیاتر گوتی "ئەگەر رۆناڵدۆ نەشگەڕێتەوە لیشبۆنە، كريستيانينيۆی نەوەم ئەو کارە دەکات".
 
دایکی رۆناڵدۆ، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە نەوەکەی لە تەمەنی ئێستایدا باشتر لە رۆناڵدۆ یاری دکات، ئەوکاتەی لە تەمەنی ئێستای کوڕیدا بوو، ئەو گوتی "کاتێک کریستیانۆ لە تەمەنی ئێستای کوڕەکەیدا بوو هیچ راهێنەرێکی نەبوو، بەڵام ئێستا رۆناڵدۆ راهێنەری کوڕەکەیەتی".
 
دایکی کریس، ئەوەشی ئاشکراکرد کە نەوەکەی هەمیشە بە کریستیانۆ دەڵێت "ئەگەر بۆ ژیان گەڕاینەوە پۆرتوگال، من بۆ سپۆرتینگ لیشبۆنە یاری دەکەم".
 
ئاڤیێرۆ، دووپاتیشیکردەوە "خەونی من ئەوەیە رۆناڵدۆ و کوڕەکەی بە درێسی لیشبۆنەوە ببینم، دەمەوێت ئەوە رووبدات بەرلەوەی بمرم".
 
سەبارەت بەو راپۆرتە رۆژنامەڤانییانەش، کە لەم هاوینەدا ئاماژەیان بۆ ئەوە دەکرد، کە کریستیانۆ نزیکە لە پەیوەندیکردن بە ریزەکانی یانەی مانچێستەر سیتییەوە؟ دایکی دۆن گوتی "کوڕەکەم پێیگوتم، دایکە با ئەو هەواڵانەی بڵاودەکرێنەوە نیگەرانت نەکەن، تۆ خەمت نەبێت من دەگەڕێمەوە ریزەکانی مانچێستەر یونایتد".
 
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، خانمە پۆرتوگالییەکە، گوتی "لەو جوانتر نییە تۆ لەنێو یاریگەیەکدا کە جێگەی 75 هەزار کەس بکاتەوە، هەموویان پێکەوە بە ناوی رۆناڵدۆ هاوار بکەن".
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بەوە ناسراوە کە دایکی خۆی زۆر خۆشدەوێت و لە هەموو شتێک بەقسەی دەکات، لەبەرئەوەی بە هەژاری و نەداری بەخێوی کردووە، ئەوکاتەی باوکی رۆناڵدۆ مردووە.
 
جارێکینا رۆژنامەڤانێک لە کریسی پرسی بۆچی هێشتا دایکت لەگەڵ تۆ دەژیت؟ بۆچی خانوویەکی بۆ ناکڕی؟، رۆناڵدۆ وەڵامی دایەوە و گوتی "دایکم منی بەخێوکردووە و ژیانی خۆی قوربانی من کردووە، بۆیە ژیانی منیش بۆ ئەوە".
 
ماریا دۆلۆرێس ئاڤیێرۆ، دایکی رۆناڵدۆ، بۆ کوڕەکەی و خوشک و براکانی هەمیشە وەک دایک و باوک بووە، بەهۆی ئەوەی باوکیان زوو مردووە، ئەو زۆرجار لەگەڵ رۆناڵدۆ ئامادەی بۆنە گرنگەکان دەبێت، هەمیشە دیمەنەکان وانیشاندەدەن کە کریس زۆر رێز لە دایکی دەگرێت و زۆر بایەخی پێدەدات، تەنانەت ئەوکاتەی نەخۆش کەوت رۆناڵدۆ بێدوودڵی گەڕایەوە پۆرتوگال و لە نەخۆشخانە لای مایەوە.
 
رۆناڵدۆ، لە درێژەی وەڵامەکەیدا بۆ رۆژنامەڤانەکە، گوتی "لەبیرمە ئێمە هیچ پارەمان نەبوو، دایکم بە برسێتی دەچوو دەخەوت بۆ ئەوەی من نان بخۆم".
 
هەروەها گوتی "دایکم لە 7 رۆژی هەفتەدا هەر حەوت رۆژ و شەوەکەیشی کاری دەکرد بۆ بەخێوکردنی ئێمە، ئەو وەک پاککەرەوە کاری کرد بۆ ئەوەی یەکەم پێڵاوی یاریکردنم بۆ بکڕێت، بۆ ئەوەی ببم بە یاریزان".
 
رۆناڵدۆ لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "هەموو سەرکەوتنەکانی من بەهۆی دایکم بوونە، بۆیە تاوەکو لە ژیاندا مابێت لە تەنیشت منەوە دەبێت و خزمەتی دەکەم، ئەو هەموو شتێکی هەیە، ئەوەی دەتوانم پێیبدەم ماڵ و پەناگەی منە بۆ ئەو، ئەوە باشترین دیاریمە بۆ ئەو".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە