پۆچێتینۆ بڕیارێک دەدات کە بەدڵی مێسی نابێت

رووداو دیجیتاڵ

 

ماورێسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، بڕیارێک سەبارەت بە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی دەدات، کە لەوانەیە بە دڵی لیۆ نەبێت.
 
لە یاریی لووتکەی گەڕی رابردووی خولی فەرەنسادا، لە نێوان پاریس سانجێرمان و لیۆن، زوومی کامێراکان دیمەنێکیان گرتووە کە تێیدا دەردەکەوێت، لیۆ بەدەست ئازاری ئەژنۆوە دەناڵێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە ماورێسیۆ پۆچێتینۆی راهێنەر دەڵێت "بەردەوام دەبم"، کەچی دواتر کە راهێنەر گۆڕانکاری پێکرد، لیۆ تووڕەبوو، ئامادەنەبوو تەوقەی لەگەڵ بکات و ئەو دیمەنە مشتومڕێکی زۆری نایەوە.
 
بەڵام سەرەڕای ئەوەش پێدەچێت راهێنەری ئەرجەنتینی بڕیارێکی دیکە بدات، کە بە دڵی مێسی نابێت، ئەگەرچی مەبەستی پۆچێتینۆ لەم بڕیارەی لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی مێسی و تیپەکەیەتی.
 
بەپێی میدیای فەرەنسا، پۆچێتینۆ نایەوێت پەلە بکات لە گەڕانەوەی مێسی بۆ یاریکردن، بۆیە بێجگە لەوەی ئەمشەو بەرامبەر میتز یاری بە لیۆ ناکات، بەنیازە لە یاریی مۆنپێلێشدا بەشداری بە مێسی نەکات، بۆ ئەوەی بەتەواوی ئامادەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتی، کە سێشەممەی داهاتوو لە چامپیۆنزلیگدا یاریی لووتکە دەکەن.
 
لیۆنێل مێسی تەنیا تووشی لێدانێک بووە و پزیشکانی یانەکە هەموو لایەکیان لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە پێکانی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە مەترسیدار نییە، بەڵام پۆچێتینۆ نایەوێت سەرکێشی بە لیۆ بکات، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بۆ یارییەکەی مانچێستەر سیتی ئامادەبێت، چونکە یارییەکی زۆر زەحمەت و گرنگە بۆ تیپەکەی پاریس، بەو پێیەی لە یاریی یەکەمدا دوو خاڵی گرنگی بەرامبەر یانەی کلەب برووجی بەلجیکی لەدەستدا.
 
ماورێسیۆ پۆچێتینۆ، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یاریی لووتکەی لیگ وەن لەنێوان پاریس سانجێرمان و لیۆن، کە 2 - 1 لە بەرژەوەندی تیپەکەی کۆتاییهات، بەرگری لە بڕیارەکەی کرد، کە لە یارییەکەدا گۆڕانکاری بە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی کرد و بووە هۆکاری تووڕەبوونی، کە لە کاتی دەرچوون لە یاریگەدا تەوقەی لەگەڵ راهێنەرەکەی نەکرد.
 
راهێنەری پاریس سانجێرمان، گوتی "دانیشاندنی لیۆنێل مێسی بۆ پاراستنی بوو لە پێکان، لە یارییەکانی داهاتووشماندا ئەو جۆرە بڕیارانە دەبن، کە بێگومان زەحمەت دەبن و مشتومڕ دەنێنەوە"، کە دواتر دەرکەوت مێسی لەو یارییەدا تووشی پێکان بووە.
 
لیۆنێل مێسی لە 3 یارییدا کە بە درێسی پاریس سانجێرمانەوە ئەنجامیداون، 2 لە لیگ وەن و یەکێکیش لە چامپیۆنزلیگ، هێشتا هیچ گۆڵ و هیچ ئاسیستی نییە.