پڵنگەکەی کۆڵۆمبیا لە راوکردن بەردەوامە و سێلتاش یەکەم بردنەوەی تۆمارکرد

22-09-2021
سه‌فین ته‌ها @safintaha
نیشانەکردن فالکاو لالیگا سێلتا ڤیگۆ بیلباو ڤاییکانۆ
A+ A-
رووداو دیجیتال 
 
یانەی سێلتا ڤیگۆ بردنەوەی یەکەمی لەم وەرزەی لالیگادا تۆمارکرد، دوای ئەوەی شکستی بەیانەی لیڤانتی هێنا.
 
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی شەشەمی خولی ئیسپانیا، یاریگەی سیوتات دێ ڤالێنسیا، کە یاریگەی یانەی لیڤانتییە میوانداریی یانەی سیلتا ڤیگۆی کرد و یارییەکەش بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ بەرامبەر لە سوودی شینە ئاسمانییەکان کۆتاییهات.
 
یاگۆ ئاسپاس لە خولەکی 66 گۆڵی یەکەمی بۆ یانەی سێلتا ڤیگۆ تۆمارکرد، برایس مێندێزیش لە خولەکی 85ـدا گۆڵی دووەمی یانەکەی زیادکرد و بردنەوەکەی مسۆگەرکرد.
 
بەڵام لە نێوان هەردوو گۆڵەکەی سێلتا ڤیگۆدا رووداوێک هەبوو کە ئەگەری هەبوو ئاڕاستەی ئەنجامی یارییەکە بگۆڕێت، ئەویش گەڕاندنەوەی لێدانی سزابوو لەلایەن ماتیاس دیتۆرۆی گۆڵپارێزی سێلتا ڤیگۆوە کە رۆجێر مارتێی یاریزانی لیڤانتی جێبەجێیکرد لە خولەکی 72.
 
دوای بەدەستهێنانی یەکەم بردنەوەی لەم وەرزەدا، یانەی سلێتا ڤیگۆ کۆی خاڵەکانی گەیاندە چوار خاڵ کە خراپترین دەستپێکی هەبوو لەکۆی پێنچ یاریدا چواری دۆڕاندبوو لەگەڵ یەکسانبوونێکدا.
 
یانەی لیڤانتیش بەهەمان رێژەی خاڵ لە پلەی 15 مایەوە بەڵام بەشێوەیەکی کاتی.
 
لە یارییەکی دیکەی گەڕی شەشەمی خولی یانەکانی ئیسپانیا، یانەی رایۆ ڤاییکانۆ بەردەوامە لە سوپرایزەکانی بە سەرکردایەتی رادامێل فالکاوی کۆڵۆمبی شکستی بە یانەی ئاتلێتیک بیلباوی باسکی هێنا.
 
هەرچەندە یارییەکە لەسەر یاریگەی سان مامێس بەڕێوەدەچوو، بەڵام دیاربوو شەوی رابردوو بۆ یانەکانی خاوەن یاریگە نەهاتبوو، چونکە ئەو سێ یانەیەی لە یاریگەی خۆیان یارییاندەکرد دۆڕان، ئەم یارییەش بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە سوودی یانەی ڤاییکانۆ کۆتاییهات.
 
رایۆ ڤاییکانۆی مەدریدی لە خولەکی 5 لە رێگەی ئالڤارۆ گارسییاوە گۆڵی یەکەمیان تۆمارکرد.
 
بەڵام لە خولەکی 33 باسیێ سیسی سەنیگالی ئەنجامەکەی بۆ خاوەنماڵ یەکسانکردەوە.
 
لە کۆتاییەکانی نیوەی دووەمی یارییەکەدا پڵنگەکەی کۆڵۆمبیا هاتەنێو یاریگەوە، ئەوەبوو لە خولەکی 95 بە لێدانێکی سەر ئەنجامەکەی کرد بە 2-1 بۆ ڤاییکانۆ و بۆ دووەم یاریی لەسەریەک توانی گۆڵ تۆماربکات.
 
بیلباو بەم دۆڕانە هەر بە 9 خاڵ مایەوە و لە پلەی شەشەمە، بەڵام ڤاییکانۆی تازە گەڕاوە بۆ لالیگا، س بردنەوەی هەیە و بە 10 لە پلەی چوارەمە، بەڵام ئەمیش بە کاتی.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەی ئیسپانیا جامی یۆرۆی 2024 بەرزدەکاتەوە. وێنە: AFP

ئیسپانیا بۆ چوارەم جار بووە پاڵەوانی جامی یۆرۆ

ئیسپانیا بۆ جاری چوارەم بووە پاڵەوانی جامی یۆرۆ دوای ئەوەی لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتییەکە کە لە یاریگەی ئۆلیمپیا ستادیۆم لە بەرلین بەڕێوەچوو، بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ئینگڵتەرای بردەوە.