ڤیدیۆ؛ سوارێز فریای سیمیۆنی کەوت

22-09-2021
سه‌فین ته‌ها @safintaha
نیشانەکردن سوارێز ئاتلێتیکۆ مەدرید سیمیۆنی لالیگا خیتافی
A+ A-
 
رووداو  دیجیتاڵ 
 
لویس سوارێز جارێکی دیکە بووە فریادڕەسی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید و بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ لە دواساتەکانی یارییەکەیدا، سێ خاڵی بەخشییە یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، لەو یارییەی کە بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە خیتافییان بردەوە.
 
لە یاریگەی ئالفۆنسۆ پێرێز کە نیو کاژێر لە نێو جەرگەی مەدرید دوورە، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید سێ خاڵی زەحمەت و قورسی بەدەستهێنا، مەترسییەکانی رۆخی بلانکۆس لە کۆتاییەکانی گێمی یەکەمدا دەرکەوتن، بەڵام بەهۆی نەقۆستنەوەی هەلەکانەوە باجەکەیان دا.
 
ستێفان میترۆڤیچی بەرگریکەر لە خولەکی 45 گۆڵی یەکەم و پێشکەوتنی یانەی میوانداری بە لێدانی سەر تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بەو تاکە گۆڵەی خیتافی کۆتاییهات.
 
لە خولەکی 67 لویس سوارێز خەریکبوو یەکێک لە جوانترین گۆڵەکانی خۆی تۆماربکات، بەڵآم ستوون رێگربوو.
 
لە خولەکی 74 کارلێس ئالێنای یاریزانی پێشووی بارسێلۆنا و ئێستای خیتافی بە کارتی سوور کرایەدەرەوە و ئەرکی یانەکەی زۆر زەحمەتکرد.
 
لویزیتۆ بە ئاسیستێکی جوانی هێرمۆسۆ لێزانانە گۆڵی یەکەم و یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی لە خولەکی 78ـدا تۆمارکرد.
 
دوای گۆڵەکە یانەی خانەخوێ ویستیان وەڵامێکی خێرایان هەبێت، بەڵام ئۆبلاک رێگربوو.
 
لە خولەکی 91، کە بۆ جاری سێیەمە لەم وەرزەدا ئاتلێتیکۆ مەدرید لەم کاتانەدا گۆڵ دەکات و خاڵ کۆدەکاتەوە، لویز سوارێزی ئۆرۆگوایی و ئەستێرەی یارییەکە، سوودی لە ئۆڤەرێکی سیمێ ڤرسالیکۆ وەرگرت و بە لێدانی سەر گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمارکرد و سێ خاڵی بەخشییە سیمیۆنی، بەشێوەیەکی کاتیش گەڕانەوە پێشەنگی لالیگا.
 
سوارێز لەم وەرزەدا سێ گۆڵی لە شەش یاریدا تۆمارکردووە، وەرزی رابردووش رۆڵی کاریگەری هەبوو لە بردنەوەی نازناوەکە بە تۆمارکردنی 21 گۆڵ لە 32 یاریدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە