یاریزانانی ریال مەدرید گەڕانەوە

رووداو - دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید هەواڵێکی دڵخۆشکەری پێگەیشت بە گەڕانەوە چەند یاریزانێک بۆ نێو مەشق و راهێنانی یانەکە.

بەهۆی پێکانەوە یانەی ریال مەدرید لە تواناکانی چەند یاریزانێکی یانەکەی بێبەش بوو، ئەمڕۆ ئەو یاریزانانە گەڕانەوە نێو مەشقەکان و ئێستا هیچ یاریزانێک لە یانەکەدا پێکانی نییە.

لە راهێنانەکانی ریال مەدریددا، ئیسکۆ گەڕایەوە مەشقە بەکۆمەڵەکانی ئەنجامدا، لەگەڵیدا ئاسینسیۆ و لوکاس ڤاسکێزیش دەرکەوتن و راهێنانیان کرد، هەروەها ئێدین هازاردیش کە زۆربەی کاتەکانی لە یانەکەدا بە پێکان بەسەر بردووە دەستی بە مەشقەکان کردووەتەوە.

سەرەڕای گەڕانەوەیان بۆ نێو مەشقەکان، بەڵام هێشتا دیارنییە ئەو یاریزانانە بۆ یاری داهاتووی ریال مەدرید ئامادەدەبن یان نا، چونکە مەشق و ئامادەکارییەکانیان بەپێی پێویست نەبووە و توانای جەستەییان باش نییە.

ریال مەدرید لە دەستپێکی لالیگادا لە دەرەوەی یاریگا خۆیدا بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی ریال سۆسیداد یەکسانبوو و یەکەم دوو خاڵی ئەم وەرزەی لەدەستدا.