مۆراتا گەڕایەوە یانەی یوڤێنتوس

22-09-2020
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو دیجیتال 

ئالڤارۆ مۆراتای هێرشبەری ئیسپانی جارێكی دیکە گەڕایەوە یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی و درێسی رەش و سپیی ئەو یانەیە دەپۆشێت.

درەنگانێکی شەوی رابردوو مۆراتا لە رێگەی فرۆکەخانەی کاسێلییەوە گەیشتە شاری تۆرینۆ و بڕیارە ئەمڕۆ پشکنینە پزیشکییەکانی یانەی یوڤێنتوس ئەنجامبدات.

گریبەستەکەی مۆراتا بۆ یوڤێنتوس بەبڕی 10 ملیۆن یۆرۆ دەبێت و بەشێوەی خواستنە بۆ ماوەی یەک وەرزە، مەرجی کڕینەوەشی لەگەڵدایە بەبڕی 45 ملیۆن یۆرۆ.

یاریزانە تەمەن 27 ساڵانەکە رۆژی چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بە میدیاکان دەناسێندرێ.

بەپێی میدیاکانی ئیتالیا بێت، وەرزی داهاتوو یوڤێنتوس دەتوانێ بۆ ساڵێکی دیکەش مۆراتا لەلای خۆی بهێڵێتەوە هەر بە 10 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام ئەمجارەیان دەبێت 35 ملیۆن یۆرۆی دیکە بدات بۆ ئەوەی بیکڕێتەوە.

یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ شوێنگرتنەوەی مۆراتا، لویس سوارێزی هێرشبەری یانەی بارسێلۆنا دەگوازنەوە و تەنیا مووچەی پێدەدەن.

بژاردەی یەکەمی یانەی یوڤێنتوس ئیدین دزیکۆی بۆسنی بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە رۆما دەستبەرداری نەدەبوو، یاریزانەکەش درەنگ وەڵامی داواکەی یوڤێی دایەوە، بۆیە پیرلۆ راستەوخۆ داوای مۆراتای کردووە.

ساڵی 2014 یانەی یوڤێنتوس مۆراتای بە 20 ملیۆن یۆرۆ لە ریال مەدریدەوە گواستەوە، کەچی دوو ساڵ دوای ئەوە ریال مەدرید بە 30 ملیۆن ئەو یاریزانەی کڕییەوە، ئالڤارۆ لەگەڵ یوڤینتوسدا لە 93 یاریدا بەشداریکرد و خاوەنی 27 گۆڵە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە