به‌سه‌رهاتێكی سه‌یری نێوان رۆماریۆ و كرۆیڤ


رووداو ـ هه‌ولێر

رۆماریۆ، ئه‌ستێره‌ی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل، ئه‌وكاته‌ی یاریزانی یانه‌ی بارسێلۆنای ئیسپانی بوو، یادوه‌رییه‌كی خۆشی له‌گه‌ڵ یۆهان كرۆیڤی ئه‌فسانه‌ی تۆپی پێی هۆڵه‌ندا هه‌یه‌، كه‌ ئه‌وكات راهێنه‌ری بارسا بووه‌.

رۆماریۆ مۆڵه‌تی له‌ راهێنه‌ره‌كه‌ی، یۆهان كرۆیڤ خواست، رێگه‌ی پێبدات بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌رازیل و بچێته‌ ریۆدی جانیرۆ، بۆ ئاماده‌بوون له‌ كه‌رنه‌ڤاڵێكی به‌ناوبانگ له‌و شاره‌، به‌ڵام كرۆیڤ به‌ مه‌رج به‌ داواكارییه‌كه‌ رازیبوو، مه‌رجه‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو له‌ یاری داهاتوودا به‌رامبه‌ر یانه‌ی ئۆساسۆنا 2 گۆڵ تۆمار بكات. 

رۆژی یارییه‌كه‌ هات، له‌ خوله‌كی 20 رۆماریۆ گۆڵی دووه‌می تۆماركرد و چووه‌ لای كرۆیڤ، داوای لێكرد بیباته‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ فڕۆكه‌كه‌ی بۆ به‌رازیل چاوه‌ڕێی ده‌كات و ناتوانێت دوا بكه‌وێت!. رۆماریۆ پێش یارییه‌كه‌ بلیتی فڕۆكه‌ی كڕیبوو، چونكه‌ متمانه‌ی به‌خۆی هه‌بوو، 2 گۆڵ تۆمار ده‌كات!!.

رۆماریۆ، یاریزانێكی هێنده‌ به‌ توانا بوو، به‌تایبه‌تیش له‌ رووی یاریپێكردنی یاریزانانه‌وه‌، ئه‌وكات هانده‌ران و میدیاكارانیش له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه‌ ده‌یانگوت "رۆماریۆ ده‌توانێت له‌نێو شخارته‌ش یاری به‌ به‌رگریكاران بكات!".