بەهێزترین بەربژێرانی باڵۆن دۆر کێن و کەی ناوەکانیان ئاشکرا دەکرێت؟

رووداو دیجیتاڵ

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی راگەیاندنی ناوی بەربژێرانی بردنەوەی باڵۆن دۆر و وادەی ئاهەنگی خەڵاتکردنەکە، جارێکی دیکە قسە و باسەکان لەسەر پێشبڕکێی باڵۆن دۆری 2024 دەستیانپێکردەوە.
 
گۆڤاری فرانس فوتبۆڵی فەرەنسی، وادەی راگەیاندنی ناوی بەربژێرانی کۆتایی بۆ خەڵاتی باڵۆن دۆر ئاشکراکرد و رایگەیاند کە رۆژی یەکشەممە 4ـی ئەیلوولی 2024 دەبێت و ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکان ئێوارەی رۆژی دووشەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەبێت.
 
باڵۆن دۆر، یان تۆپی زێڕین، گرنگترین خەڵاتە لەسەر ئاستی تاک، کە هەموو یاریزانێک هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات لەسەر بنەمای دەستکەوتە تاکەکەسی و بەکۆمەڵەکانی.
 
چامپیۆنزلیگ لەگەڵ جامی نەتەوەکانی ئەوروپا و کۆپا ئەمریکا هۆکاری یەکلاکەرەوە دەبن بۆ دیاریکردنی ئەو یاریزانەی کە خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵ بەدەستدەهێنێت.
 
ئیسپانیا نازناوی یۆرۆی 2024ـی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە ئینگلتەرای بردەوە.
 
لە کاتێکدا ئەرجەنتین بۆ دووەمجار لەسەریەک نازناوی کۆپا ئەمریکای بەدەستهێنا، بە بردنەوەی یاریی کۆتایی بەئەنجامی 1-0 لە کۆڵۆمبیا، کە لیۆنێل مێسی جارێکی دیکە نازناوێکی دیکەی گەورەی نێودەوڵەتی بەرزکردەوە.
 
مێسی لە ساڵی 2023 توانی هەشتەمین باڵۆن دۆر لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا بەدەستبێنێت، کە خاوەنی زۆرترین باڵۆن دۆرە لە مێژووی تۆپی پێدا. ئینجا کریستیانۆ رۆناڵدۆ دووەمە و 5 باڵۆن دۆری بەدەستهێناوە.
 
لە رابردوودا ئەم خەڵاتە تاکەکەسییە بەنێوبانگە لەسەر بنەمای ئاستی یاریزانانی تۆپی پێ لە ماوەی ساڵێکی رۆژمێریدا بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمجارە و بۆ دووەمجار لە مێژووی خەڵاتەکەدا، دەنگەکان لەسەر بنەمای ئەنجامی وەرزەکە دەبێت، واتا کە لە ساڵی 2023 مێسی باڵۆن دۆری بردەوە بەهۆی هەوڵەکانییەوە بوو، کە لە 1ـی ئابی 2022 دەستپێدەکات و لە 31ـی تەمموزی 2023 کۆتایی دێت.
 
ماڵپەڕی sportskeeda پێنج دیارترین بەربژێری دەستنیشانکرد بۆ کێبڕکێکردن بۆ باڵۆن دۆری ساڵی 2024.
 

5 - لیۆنێل مێسی (ئینتەرمەیامی - ئەرجەنتین)
 
مێسی نزیک دەبێتەوە لە کۆتایی ژیانی وەرزشیی خۆی، سەرەڕای ئەوەی لەم دواییانەدا لە یارییەکانی یانە ئەمریکییەکەی ئینتەرمەیامی دوورکەوتووەتەوە، بەهۆی ئەو پێکانەی کە لە یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکادا تووشی بوو، ئەم وەرزە لە 12 یارییدا 12 گۆڵی تۆمارکردووە و 9 ئەسیستی هەیە.
 
هەروەها مێسی بەشداری کرد لە بەدەستهێنانی نازناوی کۆپا ئەمریکا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، کە یەک گۆڵ و یەک ئەسیستی هەبوو. ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە تاوەکو ئێستاش توانیویەتی رێگەی خۆی بکاتەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە پێشبڕکێی باڵۆن دۆردا بەشداری بکاتەوە، بەڵام ئەمجارە هەرگیز وەک جاران بەربژێرە بەهێزەکە نییە.
 

4 - لاوتارۆ مارتینێز (ئینتەرمیلان - ئەرجەنتین)
 
دەکرێت بڵێین لاوتارۆ مارتینێز شایستەی ئەوەیە ئەمساڵ رکابەری لەسەر خەڵاتی باڵۆن دۆر بکات، چونکە زۆر لە کەموکوڕییەکانی بەتۆمارکردنی گۆڵی یەکلاکەرەوە قەرەبووکردەوە.
 
مارتینێز وەرزی رابردوو 24 گۆڵی بۆ ئینتەرمیلان لە خولی ئیتاڵیا تۆمارکرد و سەرکردایەتی یانەکەی کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئیتاڵیا، لەم وەرزەشدا جارێکی دیکە سەرکردایەتی هێڵی هێرشبەری تیپەکە دەکات، ئەمەش دەتوانێت پێگەی خۆی لە کێبڕکێی بەربژێرانی باڵۆن دۆردا بەهێزتر بکات.
 
هەروەها مارتینێز لە کۆپا ئەمریکا 5 گۆڵی بۆ ئەرجەنتین تۆمارکرد، هەروەها سێیەم نازناوی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەدەستهێنا، بەو پێیەی ئێستا بە یەکێک لە هێرشبەرە کاریگەرەکانی خولی ئیتاڵیا دادەنرێت.
 
3 - جود بێلینگهام (ریال مەدرید - ئینگلتەرا)
 

بێلینگهام ناوێکی گەورەی بۆ خۆی له یاریگه نێودەوڵەتییەکاندا تۆمارکرد، بەو پێیەی له گەڵ ریال مەدرید دەستکەوتێکی نایابی بەدەستهێنا و سەرکردایەتی کرد بۆ بردنەوەی نازناوی خولی ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگ، بەم دواییانەش جامی سوپەری ئەورووپای بەدەستهێنا.
 
بێلینگهام لە یۆرۆی 2024 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە باشترین ئاستی خۆیدا نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا گۆڵێکی نایابی بەرامبەر سلۆڤاکیا تۆمارکرد.
 
یاریزانە لاوەکە پێویستی بە دووبارەکردنەوەی دەستکەوتەکانی لە تۆمارکردنی گۆڵ لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لەم وەرزەدا هەیە، بۆ ئەوەی ببێتە بەربژێرێکی بەهێز لە لیستی بەربژێرانی خەڵاتی باڵۆن دۆردا.
 

2 - رۆدری (مانچێستەر سیتی - ئیسپانیا)
 
لەوانەیە رۆدری ئەو ئامارەی گۆڵەکانی نەبێت کە بیخاتە رکابەرییەکی بەهێزەوە لەگەڵ بەربژێرەکانی دیکە، بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر باڵۆن دۆر بکات، بەڵام تواناکانی وەک یاریزانی ناوەڕاست خستییە ئاستێکی تایبەت بەخۆیەوە، کە وەرزی رابردوو سەرکردایەتی مانچێستەر سیتی کرد بۆ بردنەوەی نازناوی خولی ئینگلیزی، هەروەها سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئیسپانیای کرد بۆ بردنەوەی نازناوی یۆرۆی 2024 و بە باشترین یاریزانی ئەوە پاڵەوانێتییەش دەستنیشانکرا.
 

1 - ڤینیسیۆس جونیۆر (ریال مەدرید - بەرازیل)
 
ریال مەدرید وەرزی رابردوو لە هەڵمەتی بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ زۆر پشتی بە ئەستێرەی بەرازیلی ڤینیسیۆس جونیۆر بەستبوو، چونکە 6 گۆڵی تۆمارکرد و 4 ئەسیستیشی هەبوو.
 
بەڵام ئەستێرە بەرازیلییەکە لە کۆپا ئەمریکادا نەیتوانی ئەو ئاستە پێشکەش بکات کە چاوەڕێی لێدەکرا، تەنانەت سەرکەوتوو نەبوو لەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل بگاتە یاریی کۆتایی، و لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا دەرکران دوای ئەوەی بە لێدانی سزا بە ئۆرۆگوای دۆڕان، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەگەڵ ریال مەدرید پێشکەشی کردووە و لالیگا و چامپیۆنزلیگ و سوپەری ئەورووپای بردووەتەوە، ئێستا ئەو بە بەربژێری سەرەکی دادەنرێت بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆر.