رووداو دیجیتاڵ
یانەی زاخۆ دەیەوێت بەهێزەوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی وەرزی نوێی خولی یانە نایابەکانی عێراق، کە لە وەرزی نوێوە دەبێتە خولی پیشەگەریی عێراق و بۆ ئەوەش دەیەوێت ئەستێرەیەکی هەڵبژاردەی عێراق بگوازێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، یانەی زاخۆ پەیوەندیی بە ئەمجەد عەتوان، ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق و پێشووی یانەی شیمالی قەتەری کردووە، بۆ ئەوەی بۆ وەرزی نوێ پەیوەندی بە ریزەکانی یانەکەوە بکات، لەکاتێکدا یانەی تەڵەبەش کار بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەکات.
سەرچاوەیەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "کارگێڕیی یانەی زاخۆ 500 ملیۆن دیناری بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە پێشکێشکردووە و چاوەڕێی وەڵامی کۆتایی یاریزانەکە دەکات، کە ئەگەر ئەو گرێبەستە بکرێت، دەبێتە یەکێک لە گرانترین گرێبەستەکانی مێژووی یانەکە."
ئەمجەد عەتوان، تەمەنی 26 ساڵە لە یانەکانی کوت، کەربەلا، نەفت وەسەت، شورتە، نەجەف، کوێتی کوێتی و شیمالی قەتەری یارییکردووە و ئەزموونێکی زۆری لە یانە جیاوازەکاندا هەیە.
لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی عێراق، ئەمجەد عەتوان لە 2016ـەوە لە هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق یارییدەکات و بۆ پاڵەوانێتیی دۆستانەی تایلەندیش بانگهێشتی هەڵبژاردەکە کراوە.
نزیکبوونەوەی ئەمجەد عەتوان لە یانەی زاخۆ لەکاتێکدایە، تەڵاڵ بلووشی راهێنەری نوێی یانەی زاخۆ پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ یاریزانەکە هەیە و پێشتر بەیەکەوە لە یانەی شیمالی قەتەری کاریانکردووە.
تەڵاڵ بلووشی لەبارەی ئەو یاریزانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەمجەد عەتوان، یەکێکە لە یاریزانە دیارەکانی هەڵبژاردەی عێراق و ئەزموونی پیشەگەریشی هەیە و پێشتر لە یانەی شیمال بەیەکەوە کارمانکردووە، بەهۆی ئەوەی من یاریدەدەری راهێنەری یانەکەبووم توانای یاریزانەکە دەزانم و هەموو راهێنەرێک دەیەوێت یاریزانێکی وای هەبێت، پشتبەخوا گرێبەستەکەی بەتەواوی ئامادەدەکرێت و هەموو یانەیەک هیواخوازە کە ئەمجەد عەتوان یاریی بۆ بکات، هەوڵدەدەین ئەم وەرزە لەگەڵ ئێمە بێت و ئەوە سوودێکی زۆری دەبێت و زیادەیێکی زۆر دەخاتە سەر تیپی یانەی زاخۆ."
تەها عەبدولحەکیم کە ئێستا گەڕاوەتەوە نێو یانەی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لەگەڵ چەند یاریزانێک لەسەرهێڵن بۆ ئەوەی پێکهاتەی یانەکەیان تەواو بکەن، کە ئێستا 80٪ـی تیپەکەیان تەواوبووە و تەنیا لە هێڵی ناوەڕاست و هێرشبەریدا پێویستیان بە یاریزانی نوێ هەیە."
تەها عەبدولحەکیم زیاتر بە رووداوی راگەیاند و گوتی "لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا سەرەتا لە زاخۆ دەست بە ئامادەکارییەکانمان دەکەین، دواتر ئەگەری هەیە کەمپێکی مەشق و راهێنان لە دەرەوە ئەنجامبدەین و دەمانەوێت لە وەرزی نوێدا تیپێکی بەهێزمان هەبێت کە لە ئاست داواکارییەکانی هاندەران و ناوی یانەی زاخۆ بێت."
یانەی زاخۆ بۆ خولی پیشەگەریی عێراق، گرێبەستی لەگەڵ تەڵاڵ بلووشی، راهێنەری قەتەری واژۆکردووە و رۆژی دووشەممە 21-8-2023 لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی هاندەرانی یانەکە راهێنەرەکە بە میدیا و هاندەران ناسێنرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ