ڤیدیۆ؛ گوتیان رۆناڵدۆ شێت بووە، کەچی هەمووانی شێتکرد

22-08-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
Photo by AFP
Photo by AFP
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ خولی سعودی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کاتێک رووی لە سعودیە کرد، هەموو گوتیان ئەو کابرایە شێتبووە، ئەوانەی ناحەزی بوون دەیانگوت، رۆناڵدۆ لە بەهای خۆی کەمدەکاتەوە کاتێک ئامادەیە یاریی بۆ یانەی نەسڕ بکات لە خولێکی وەک خۆلی سعودیە.. ئەوانەی لایەنگری بوون، نیگەرانبوون لەوەی پاشای چامپیۆنزلیگ، روو لە دەرەوەی کیشوەرەکە دەکات و رازییە چیدی شەوانی سحراویی چامپیۆنزلیگ، پێشکێشی هاندەرەکانی ناکات.
 
رۆناڵدۆ، پاشئەوەی هەموو ئەوروپا پشتی تێکرد و بەشانازییەوە باسی ئەوەیان کرد کە کریسیان رەتکردووەتەوە، ئەویش لە کۆتاییدا پشتی لە ئەوروپا و یانەکانی کرد و رووی لە خاکێکی دیکە کرد، لەپێناو درێژەدان بە رکابەریی و درەوشانەوە.
 
زۆری پێنەچوو هەمووان بۆیان دەرکەوت، ئەوەی کریس کردوویەتی گۆڕینی هاوکێشەیەکی مێژووییە لە تۆپی پێدا و ئەو کە هەمیشە جێگەی سەرنجی هەمووان بووە، لەگەڵ خۆیدا سەرنجەکان بەرەو خاکی سعودیە دەبات.. ئەوکات، کەس نەیدەزانی کریس کلیلی کردنەوەی قفڵێكی مێژوویی و هەڵچوونی یەکەمی شەپۆلێکی سەرشێتە بۆ پلانێک کە سعودییەکان لەپێناویدا پارەیەکی خەیاڵیی خەرج دەکەن.
 
رۆناڵدۆ چووە سعودیە و خولەکە تەقییەوە، هەزاران هەوادار روویان لە بینینی یارییەکانی خولەکە کرد.. دەیان کەناڵی تەلەڤزیۆنی بڕیاریاندا یارییەکانی خولەکە بکڕنەوە و یەکەم دەرکەوتنی خۆیشی لەسەر خاکی سعودیە، لەبری ناساندن بووە کەرڤاڵ، لەبری دەرکەوتن بووە فێستیڤاڵ و لە دونیادا دەنگی دایەوە.
 
کریس دەرگاکەی کردەوە، ئازایەتیی دایە بەر هەمووان تاوەکو هەمان هەنگاو بنێن، ئیدی دوای تەنیا نیو وەرز لە دەرکەوتن لە سعودیە، پلانە گەورەکە ئاشکرا کرا و سعودییەکان بڕیاریاندا گۆڕانکاریی ریشەیی لە خولەکەیاندا بکەن و چیدی جەماوەری بێشووماری تۆپی پێ لەو وڵاتە، لە بینینی ئەستێرە گەورەکان لەسەر یاریگەکانیان بێبەش نەکەن.
 
رۆناڵدۆ بووە هاوکاری سعودیە بۆ ئەوەی هەنگاوە جیهانییەکە بنێت. لە دوای کریسەوە ئیدی کەریم بنزیما، ئێنگۆلۆ کانتێ، فابینیۆ، فیرمینیۆ و تا دەگات بە سادیۆ مانێ و نەیمار داسێلڤا، روویان لە یانەکانی خولەکە کرد و بەدرێژایی هاوینی ئەمساڵ، کاروانی بەڕێکەوتنی ئەستێرەکان لە ئەوروپای ساردەوە بۆ عەرەبستانی گەرم بەردەوامبوو، هەموو کاتیش شەپۆلەکە ناڕەزایەتی و گلەیی ئەوروپییەکانی بەدوای خۆیدا دەهێنا و بەرپرس و راهێنەرە ئەوروپییەکان سڵیان لەوە نەکردەوە لەبەردەم میدیاکاندا بڵێن، سعودیە خولەکانی ئێمە دەکوژێت و لە بەهرەمەندەکان بەتاڵی دەکاتەوە.
 
دوای گۆڕانکارییە بنچینەییەکە لە خولی سعودیە و راکێشانی سەرنجەکان بۆی، ئێستا رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەکەیدا لەبەردەم سەرنجڕاکێشانێکی دیکەی جیهانیدا دەبێت، ئەمڕۆ ئەگەر کریس و تیپەکەی بگەنە چامپیۆنزلیگی ئاسیا، ئیدی وەرزی داهاتوو لەبری یاریزانە نەناسراوەکانی کیشوەرەکە، سێکوچکەی بنزیما، نەیمار و رۆناڵدۆ، رکابەریی لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەکەدا دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە