میلان سوورە لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵ سەردار

22-08-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سەردار ئازموون میلان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی میلانی ئیتاڵی، بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ سەردار ئازموونی یاریزانی ئێرانی، کە بەپێی میدیاکانی ئیتاڵیا بەرەوپێشڤەچوونێکی گەورە لە دانوستاندەکانی میلان و سەرداردا هەیە.
 
وەک میدیاکانی ئیتاڵیا باسی دەکەن، یانەی ئەیسی میلان زۆر بەجددی دەستیکردووە بە گرنگیدان بە تواناکانی سەردار ئازموونی یاریزانی یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی، بەڵام پێش ئەوەی بگوازێتەوە پێویستی بە فرۆشتنی دیڤۆک ئۆریگی دەبێت.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، یاریزانە تەمەن 28 ساڵەکە دڵخۆشە بە گرنگیپێدانی میلان، لەبەرئەوە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەم هاوینەدا ریزەکانی یانەی بایەرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی جێدەهێڵێت.
 
تەنانەت هەندێک لە میدیاکانی ئەڵمانیا باس لەوە دەکەن کە سەردار پێشتر لەسەر مەرجە کەسییەکانی لەگەڵ میلان رێککەوتووە، بەڵام هیوای بەوە نییە یانە ئەڵمانییەکەی رازی ببێت بچێتە ئیتاڵیا.
 
بایرلیڤەرکوزن لەم دواییانەدا گرێبەستی لەگەڵ ڤیکتۆر بۆنیفاس واژۆکردووە، بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەم گواستنەوەیە خولەکەکانی یاریکردنی ئازموون لە خولی ئەڵمانیا کەم بکاتەوە، ئەمەش زیاتر هانی سەردار دەدات لە بایرلیڤەرکون بڕوات.
 
ئەم یاریزانە ئێرانییە لە 18 یارییدا لەژێر سەرپەرشتی خابی ئەلۆنسۆی راهێنەردا تەنیا 6 یاری ئەنجامداوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە