لێدوانی کڵۆپ سەبارەت بە یاریی کلاسیکۆ

22-08-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یۆرگن کڵۆپ مانچێستەر یونایتد
A+ A-
رووداو هەولێر 

یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، دووپاتیکردەوە کە دۆڕاندنی دوو یاریی بەسەریەکەوە لە لایەن یاریزانانی مانچێستەر یونایتدەوە وادەکات ئەوان باشتر یاری بەرامبەر بە تیپەکەی ئەو بکەن، گوتیشی "پێمخۆش بوو ئەوکات یارییان لەگەڵ بکەم کە 5-0 دەبەنەوە".
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی مانچێستەر یونایتد لەسەر یاریگەی ئۆڵدترافۆرد، لە یاریی کلاسیکۆی ئینگلتەرادا، میوانداری یانەی لیڤەرپوول دەکات، لە گەڕی سێیەمی پرێمەرلیگدا.
 
یۆرگن کڵۆپ، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، گوتی "کاتێک ساڵی رابردوو دوو ئەنجامی باشمان بەرامبەر مانچێستەر یونایتد بەدەستهێنا، ئەوکات دەمزانی کە ئەو بۆ ساڵی داهاتوو هیچ سوودمان پێناگەینێت، بۆیە من بایەخ بە ئەنجامەکانی ساڵی رابردوو نادەم، یاریی جیاواز بوون و ئەنجامی جیاواز بوون، بۆیە لەوانەیە هەندێک یارمەتی مانچێستەر یونایتد بدەن بۆ ئەوەی بە جۆرێک لە خۆپارێزییەوە یاری بکات".
 
راهێنەری ئەڵمانیی رێدز، لە درێژەی قسەکانیدا، گوتیشی "بێگومان دۆڕاندنی دوو یاریی بەسەریەکەوە وادەکات ئەوان باشتر یاری بکەن، من پێمخۆش بوو ئەوکات یارییان لەگەڵ بکەم کە 5-0 دەبەنەوە، ئەوە دۆخەکەیە، بەڵام خاکی خەونەکان نییە، ئێوە دەزانن کە ئێمە وەکخۆی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەین، ئێمەش دوو یارییە یەکسان دەبین، بۆیە ئایا بۆ ئێمە خراپە یان باشە لەم دۆخەدا یاری بکەین؟ نازانم، تەنیا دەڵێم هەڵوێستمان بەمشێوەیە".
 
کڵۆپ باسی کارتە سوورەکەی داروین نونێزی یاریزانیشی کردەوە، کە بەهۆیەوە ناتوانێت بەشداری لەم یارییەدا بکات و گوتی "سەبارەت بە داروین نونێز، ئەو داوای لێبوردنی کردووە، پێمانگوتووە پێویست ناکات بە سەرشۆڕی بێیتە نێو هاوڕێکانت، ئەوەی روویدا روویداوە و تەواو، ئێمەش مرۆڤین و هەڵە دەکەین، بەڵام ئەگەر جارێکی دیکە دووبارەی نەکەیتەوە هەموو شتێک باش دەبێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە