ڤیدیۆ؛ هەمووان بۆ ماڵئاواییکردنی کاسێمیرۆ دەگرین

22-08-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
کاسێمیرۆ و هاوژینەکەی
کاسێمیرۆ و هاوژینەکەی
نیشانەکردن کاسێمیرۆ ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید ماڵئاوایی لە کاسێمیرۆی ناوەڕاستکاری بەرازیلی کرد، یاریزانەکە دەڵێت " کە هاتمە ئێرە کەسم نەدەناسی، بەڵام لێرە خێزانەکەم بونیادنا و سوپاسی پێرێز دەکات."
 
لە رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە یاریزانەکەدا کارلۆ ئەنچێلۆتی و چەند یاریزانێکی ریال مەدرید ئامادەبوون، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید گوتی " ئەمڕۆ رێز لە سەرکردەیەکی تیپەکە دەگرین کە 5 نازناوی چامپیۆنزلیگی لە ماوەی 8 ساڵدا لەگەڵ یانەکە بردووەتەوە، بیرمە کە یەکەمجار کاسێمیرۆ هاتە کاستیا مەدرید و هەستمدەکرد دەبێتە ئەستێرەیەکی تیپەکە."
 
سەرۆکی ریال مەدرید بە خێزانی یاریزانەکە و کاسیمێرۆی گوت " ئەمڕۆ بۆ ئێوە رۆژێکی تایبەتە، تۆ نموونەی باڵای بۆ پابەندبوون و رێزگرتن لە بەهاکان، هێشتا بیرمە کە پێتگوتم دەمەوێت هەلم پێبدرێت بۆ ئەوەی 5 یاری بکەم، بۆ ئەوەی کوالێتی خۆم پێشانبدەم، بەڵام زیاتر لە 300 یاریت ئەنجامدا."
 
دوای ئەوە کاسێمیرۆ چووە سەر ستەیج و بە چاوی پڕ فرمێسکەوە ماڵئاوایی لە ریال مەدرید کرد و گوتی " ئێوە دەزانن کە من حەزم لەنێوبانگ و سەرنجەکان نایەت، دەمەوێت لە دڵەوە قسەبکەم."
 
دوای ئەم قسانە کاسێمیرۆ بە فلۆرێنتینۆ پێرێزی گوت " بۆ هەمیشە سوپاست دەکەم سەرۆک، بۆ ئەوەی منت هێنایە ئێرە، من زۆر دەستکەوتم لە ریال مەدرید بردووەتەوە، بەڵام گەورەترینیان بەجێهێشتنی ماڵە بۆ ئەوەی بێیتە یاریگە و مەشق بکەیت."
 
ناوەڕاستکارە بەرازیلییەکە گوتی " ناتوانم مۆدریچ و کرووس لەبیربکەم، زۆر ساتی خۆشمان بەیەکەوە بەسەربردووە، سوپاسی هاندەرانی ریال مەدرید دەکەم کە لێرە کاتی زۆر خۆشمان بەسەربرد و هاوکاریی زۆریان کردم."
 
کاسێمیرۆ لە بەرەبەری کۆتایی قسەکانیدا گوتی " دڵنیام بەهۆی ئەو خۆشەویستییەی لێرە پێیان بەخشیم رۆژێک لە رۆژان دەگەڕێمەوە ریال مەدرید، ئەوەی لێرە فێربووم لە داهاتوودا یارمەتیدەرم دەبێت، لە کۆتاییشدا گوتی " بۆ هەمیشە هەلا مەدرید."
 
کاسێمیرۆ دوای بردنەوەی 18 نازناوی جیاواز لەگەڵ ریال مەدرید، بەرامبەر 60 ملیۆن یۆرۆ و 10 ملیۆن یۆرۆ وەک گۆڕانکاری پەیوەندیی بە مانچێستەر یونایتدەوە کرد.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە