ڤیدیۆ؛ مانێ سەرکردایەتی بردنەوەیەکی گەورەی بایرنی کرد

 

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرن میونشن درێژەی بەبردنەوەکانیدا و بەسەرکردایەتی سادیۆ مانێ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە حەوت گۆڵی بێبەرامبەر لە یانەی بۆخومی بردەوە.
 
دوای چوار خولەک یارییکردن لێرۆی سانێ دەرگای گۆڵکردنی کردەوە و بایرن میونشنی پێشخست، لە خولەکی 25 ماتیاس دیلێخت بەلێدانی سەر یەکەم گۆڵی خۆی لە بوندێسلیگادا تۆمارکرد و بایرنی کردە خاوەنی دوو گۆڵ.
 
لە خولەکی 33 کینگێسلی کۆمان گۆڵێکی دیکەی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد.
 
پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم بە سێ خولەک نۆرەی سادیۆ مانێ هات، هێرشبەرە سەنیگالییەکە یاریی بە بەرگریکارێکی بۆخوم کرد و گۆڵی چوارەمی تۆمارکرد.
 
لە نیوەی دووەمدا لێدانێکی سزا بۆ بایرن هەژمارکرا، مانێ ئەویشیان بەسەرکەوتوویی جێبەجێکرد و گۆڵی پێنجەمی یارییەکەی تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 69 کریستیان گامبوا بەهەڵە گۆڵی شەشەمی بایرن میونشنی لە خۆیان کردەوە، پاشان سێرج نابری بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی حەوتەمی تۆمارکرد و بایرن میونشن بە ئەنجامێکی گەورە یارییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە.
 
بایرن لە 3 یارییدا 3 بردنەوە و 9 خاڵی هەیە و لە پێشەنگی ریزبەندە، 15 گۆڵی کردووە و تەنیا یەک گۆڵی لێکراوە.