ڤیدیۆ؛ دحێل بووە پاڵەوانی خولی ئەستێرەکانی قەتەر

رووداو دیجیتال

یانەی دحێل بۆ جاری حەوتەم نازناوی خولی ئەستێرەکانی قەتەری بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە دوایین گەڕدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە یانەی ئەهلی بردەوە.

لەو یارییەدا کە لەسەر یاریگەی دحێل بەڕێوەچوو، هەرزوو موعیز عەلی، ئەستێرەی دحێل دەرفەتێکی زێڕینی بۆ رەخسا و بەتەنیا رووبەڕووی گۆڵپارێزی ئەهلی مایەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لە تۆمارکردنی گۆڵی پێشکەوتن بۆ یانەکەی.

ئەفانیلدۆ رۆدریگزی گۆڵپارێزی ئەهلی لە دەرەوی هێڵی سزا دەستی لە تۆپدا و لێدانێکی راستەوخۆ بۆ دحێل هەژمارکرا و ئیدمیلسۆن جۆنیۆری یاریزانی بەلجیکی سەرکەوتووانە جێبەجێیکرد و لە خولەکی 24دا گۆڵی سەرکەوتنی بۆ دحێل بەدەستهێنا.

لە گێمی دووەمدا تیپی خاوەن یاریگە بەردەوام بوو لە گوشارخستنە سەر گۆڵی تیپی میوان و ئەوەندە نەمابوو ئیدمیلسۆن جۆنیۆر گۆڵی دووەمیش بۆ دحێل بەدەستبهێنێت، بەڵام گۆڵپارێزی ئەهلی نەیهێشت تۆڕەکەی بهەژێنرێت.

زنجیرەی هەلە لەدەستدراوەکانی دحێل بەردەوام بوو، کە جارێکی دیکە موعیز عەلی دەرفەتێکی ئاسانی لەدەستدا لە خولەکی 72دا.

یارییەکە بەو تاکە گۆڵەی دحێل کۆتاییهات و یانەکە نازناوەکەی بردەوە،  کە ئێستا هاوتای هەردوو یانەی عەرەبی و غەڕافە خاونی 7 نازناوە.