مێسی یەکەم گورزی لە بارسێلۆنا دا

رووداو دیجیتاڵ

 

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی، یەکەم گورزی ئاراستەی بارسێلۆنا کرد و رێگەی نەدا یانە کەتەلۆنییەکە یاریزانێکی بفرۆشێت و لەکۆڵی ببێتەوە، چونکە دانوستاندنەکانی ئینتەرمەیامی لەگەڵ یاریزانەکە راگرت.
 
بارسێلۆنا هەوڵدەدات لەم هاوینەدا کارێکی رێکخراو لە مێرکاتۆی هاوینەدا بکات، بۆ ئەوەی بە فرۆشتنی هەندێک یاریزان و هێنانی یاریزانی دیکە تیپەکەی رێکبخاتەوە، بەمەبەستی ئەوەی وەرزی داهاتوو بەشێوەیەکی بەهێز رکابەری لەسەر هەموو نازناوەکان بکات و ئاستی تەکنیکی بەرزی بارسێلۆنا بگەڕێنێتەوە.
 
یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی کارگێڕیی بارسێلۆنا، پرسی رزگاربوونە لەو یاریزانانەی گرێبەستی بەرزیان هەیە، کە لە وەرزی داهاتوودا لەگەڵ هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانی رۆڵیان لەگەڵ تیپەکەدا نابێت.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی بڵاویکردوونەتەوە، کارگێڕیی بارسێلۆنا لە دۆخێکی خراپدایە بەهۆی دۆخی یاریزانی فەرەنسی، کێلمۆنت لینگلێ، چونکە بارسێلۆنا دەیەوێت بیفرۆشێت و رزگاری بێت لە مووچە بەرزەکەی، بەڵام هیچ یانەیەک دەستەوارەی پێشکەش نەکردووە بۆ کڕینی.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تاکە یانە کە ویستوویەتی ئەو یاریزانە بگوازێتەوە و دەست بە رێکارەکانی گواستنەوەی ئەو یاریزانە بکات لەم هاوینەدا، ئینتەرمەیامی ئەمریکی بووە، کە لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئەرجەنتینی یاری بۆ دەکات.
 
ئەو رۆژنامەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، مێسی رێگری لەم گرێبەستە کردووە و داوای لە کارگێڕیی یانە ئەمریکییەکە کردووە دانوستاندنەکانیان لەگەڵ ئەو یاریزانە فەرەنسییە بوەستێنن، چونکە لیۆ پێیوایە ئەو یاریزانە هیچ زیادەیەک لە تواناکانی تیپەکەدا دروست ناکات.
 
سپۆرت لە کۆتاییدا باس لەوە دەکات کە کارگێڕیی بارسێلۆنا بەسەرۆکایەتی خوان لاپۆرتا، لە دۆخێکی تووڕەیی لە رادەبەدەردایە بەهۆی رزگارنەبوونی لەو یاریزانە فەرەنسییە، کە مووچەیەکی زۆر بەرز وەردەگرێت و یانەکە دەیویست بە فرۆشتنی، هەندێک لە کێشەکانی ئەو قەیرانە ئابوورییەی چارەسەر بکات، کە یانەکە پێیدا تێپەڕدەبێت.