باوکی لامین یامال هەڕەشە لە بارسێلۆنا دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لامین یامال
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

باوکی لامین یامال، ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنا، ناڕاستەوخۆ هەڕەشە لە یانە کەتەلۆنییەکە دەکات، و دەڵێت کوڕەکەی ئەگەر نەیتوانی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا هەموار بکاتەوە، دوو یانە لەسەرهێڵن بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ لامین یامال.
 
بەگوێرەی میدیای ئیسپانیا، باوکی لامین یامال دوو یانەی دەستنیشان کردووە کە کوڕەکەی دەتوانێت بچێتە ریزەکانی یەکێکیان ئەگەر گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا هەموار نەکرێتەوە.
 
خۆرخی مێندێز، بەڕێوەبەری کارەکانی لامین یامال داوای لە بارسێلۆنا کردووە مووچەی یاریزانەکە باشتر بکات و یاریزانەکە گەرەنتی لە خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا وەرگرتووە کە ئەو کارەی بۆ دەکات، بەڵام چی روودەدات ئەگەر گرێبەستەکەی هەموار نەکرێتەوە؟.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایان کردووە کە باوکی لامین یامال دوو یانەی دەستنیشان کردووە کە کوڕەکەی دەتوانێت بچێتە یەکێک لەوانە ئەگەر گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا هەموار نەکرێتەوە، ئەویش مانچێستەر یونایتد و پاریس سانجێرمانن.
 
ماوەی گرێبەستەکەی لامین یامال لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە لە ساڵی 2026 کۆتایی دێت،  بەڵێنیش دراوە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2028 درێژ دەبێتەوە کاتێک تەمەنی دەگاتە 18 ساڵ، هەروەها بڕگەی مەرجی سزایی گرێبەستەکە یەک ملیار یۆرۆیە.
 
رۆژنامەی سپۆرت لە راپۆرتێکی ئەم دواییەیدا بڵاویکردەوە، خۆرخی مێندێز، بەڕێوەبەری کارەکانی لامین یامال، داوای لە یانەکە کردبوو کە مووچەی ئەو یاریزانە باشتر بکات.
 
بەپێی ئەوەی ماڵپەڕی فوتبۆڵ 365 بڵاویکردووەتەوە، باوکی لامین یامال مانچێستەر سیتی و پاریس سانجێرمانی وەک دیارترین یانە بۆ ئەو یاریزانە لاوە دەستنیشانکردووە ئەگەر بارسێلۆنا بەجێبهێڵێت، و گرێبەستێکی باشتر بەدەستنەهێنێت وەک ئەوەی بەڵێنی پێدراوە.
 
لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی پێشوودا باس لەوە کرابوو کە بارسێلۆنا دەستەوارەیەکی خەیاڵی بۆ فرۆشتنی لامین یامال رەتکردەووەتەوە کە لەلایەن پاریس سانجێرمانەوە پێشکەشی کرابوو، و بەهاکەی 250 ملیۆن یۆرۆ بوو.
 
یامال بووە یەکێک لە ئەستێرە سەرەکییەکانی پێکهاتەی بارسێلۆنا لە سەردەمی چاڤی هێرناندێزی راهێنەری پێشووی ئەو یانەیە، ئەو 50 یاری ئەنجامداوە، و لەو ماوەیەدا 7 گۆڵی تۆمارکردووە و 10 ئەسیستیشی کردووە لە رکابەرییە جیاوازەکانی وەرزی 2023-2024. هەروەها لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە یۆرۆی 2024 ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد و رۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە بەدەستهێنانی نازناوەکە لەلایەن هەڵبژاردەی ئیسپانیاوە.
 
بارسێلۆنا لەم دواییانەدا رایگەیاندبوو کە یامال درێسی ژمارە 19 لەبەردەکات، کە پێشتر چەند ئەفسانەیەکی بارسێلۆنا ئەو درێسەیان لەبەرکردووە، وەک پاتریک کلویڤێرت، لیۆنێل مێسی و دواتریش سێرجیۆ ئەگوێرۆ بۆ چەند یارییەک.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە