داعش بەنیازی کاری تیرۆریستی بووە پێش یاریی کۆتایی یۆرۆ


رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی ئەڵمانیا رێگریی لە کارێکی تیرۆریستی داعش کردووە کە ئامانج لێی یاریی کۆتایی یۆرۆی 2024 بووە کە رۆژی 14ی ئەم مانگە ئەنجامدرا.
 
لە یاریی کۆتایی یۆرۆی 2024دا، هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئینگلتەرا رووبەڕووی یەکبوونەوە لەسەر یاریگەی بەرلینی ئۆڵۆمپی و ئیسپانیا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە.
 
میدیای ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، ئەفسەرانی پۆلیسی ئەڵمانیا، توانیویانە هەوڵێکی تیرۆریستی بەرلەبەڕێوەچوونی یارییەکە پووچەڵ بکەنەوە، پاشئەوەی ژمارەیەک ئۆپەراسیۆنی خێرا و نهێنییان بۆ سەر چەند شوێنێکی جیاواز لە نێو بەرلین ئەنجامداوە.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، هەڵمەتەکانی پۆلیسی ئەڵمانیا پاش کۆکردنەوەی زانیاری بووە کە بەهۆیەوە ئاشکرابووە گرووپێکی سەر بە داعش هەوڵیداوە کاری تیرۆریستی لە یارییەکەدا ئەنجام بدات.
 
پۆلیس هەڵمەتی بەسەردادان و پشکنینی بۆ چەندین شوێن ئەنجامداوە، بەهۆیەوە سێ گومانلێکراو کە بڕیاربووە لە کردە تیرۆریستییەکەدا بەشداربن، دەستگیرکراون و بەوەش هەوڵی کارە تیرۆریستییەکە شکستی هێناوە.
 
ئالنگارییە ئاسایشییەکان مەترسیی گەورەی لەسەر بەڕێوەچوونی یارییەکانی یۆرۆی ئەڵمانیا دروستکردبوو. بەڵام لە ماوەی پاڵەوانێتییەکەدا هیچ رووداوێکی گەورە روویاننەدا.

 

سەرچاوەکان دەڵێن، گرووپەکە بەنیازبوون لەکاتی بەڕێوەچوونی یاریی کۆتایی یۆرۆدا، هێرشبکەنە سەر شوێنێکی کۆبوونەوەی هاندەران (فان زۆن) لە نزیک یەکێک لە پارکە گشتییەکانی شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا.

 
بەپێی سەرچاوەکان، پۆلیس بۆ ماوەی چەندین رۆژ چاودێری گومانلێکراوەکانی کردووە و سێ رۆژ بەرلەبەڕێوەچوونی یارییەکە، سێ کەسەکەی دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوە بۆ گەیشتن بەوردەکاری زیاتر لەبارەی دۆسێیەکەوە بەردەوامە.
 
پۆلیسی ئەڵمانیا لە کاتی یارییەکانی یۆرۆدا چەندین هۆشداریی جیاوازی لەبارەی ئەگەری روودانی کاری تیرۆریستییەوە پێگەیشتبوو.