بنزیما: هیچ تیپێک ناتوانێت لە ریال مەدرید باشتر بێت

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید یانەی ئیتیفاق کەریم بنزیما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کەریم بنزیمای هێرشبەری یانەی ئیتیحادی سعودی و پێشووی ریال مەدریدی ئیسپانی دەڵێ پێشبینی چوونی کیلیان ئێمباپێم بۆ ریال مەدرید دەکرد، ئەوەش دووپاتدەکاتەوە هیچ تیپێک بەئاسانی ناتوانێ لە ریال مەدرید باشتر بێت.
 
کەریم پەسنی چوونەکەی ئێمباپێی بۆ ریال مەدرید کردووە. ئەو لە لێدوانی بۆ رۆژنامەی 'مارکا'ی ئیسپانی دەڵێ، "پێشبینی چوونی کیلیانم بۆ ریال مەدرید دەکرد، پێشتریش لەوبارەیەوە قسەمانکردبوو، ئەو یاریزانێکی مەزنە".
 
بنزیما کە براوەی باڵۆن دۆری ساڵی 2022ی بەدەستهێناوە و دوایین یاریزانە بەدرێسی ریال مەدریدەوە ئەو خەڵاتە تاکە کەسییەی بردووەتەوە، لەبارەی بەربژێری بردنەوەی ئەو خەڵاتەوە بۆ ئەمساڵ دەڵێ، "پێموایە ڤینیسیۆس جۆنیۆر بەربژێری بردنەوەیەتی، ئەو شایستەی ئەو خەڵاتەیە و ئەوەش تەنیا لەبەرئەوەنا کە لەمساڵدا پێشکێشی کردووە، بەڵکو لەبەرئەوەی لەکۆی وەرزەکەدا کاری گەورەی کردووە".
 
کەریم زیاتر باسی لە تایبەتمەندییەکانی ڤینی کردووە، دەڵێ، "ئەو یاریزانێکی کامڵە، دەتوانێ بەتەنیا یارییەک بباتەوە، بێگومان بەهاوکاریی یاریزانەکانی هاوڕێی، بەڵام ئەو هەموو کاتێک کە ریال مەدرید پێویستی پێی دەبێت، ئەو ئامادەیە".
 
دووپاتیدەکاتەوە، "هەرلەبەرئەوە پێموایە ڤینی شایستەی باڵۆن دۆرە، ئەو هەموو کات و لە هەموو شوێنێکدا ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی ئەرکی سەرشانی، لەبەرئەوە بۆ باڵۆن دۆر، لای من ڤینی پەسندترینە".
 
بنزیمە کە لە نێوان 2009 تاوەکو 2023 یاریی بۆ ریال مەدرید کردووە، دەڵێ، "تاوەکو ئێستا ریال مەدرید باشترین تیپی جیهانە، یاریزانان دێن و دەڕۆن، بەڵام شاهانە هەر لە لووتکەدا دەمێنێتەوە، ریال مەدرید باشترین یانەی جیهانە و هەر بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە".
 
بنزیما هەروەها دەڵێ، "پێموانییە هیچ تیپێک بتوانێت لە ریال مەدرید باشتر بێت".
 
بنزیما لە دوای بەجێهێشتنی ریال مەدریدەوە یەکێکبوو لەو ئەستێرە گەورانەی روویان لە خولی سعودیە کرد و بڕیارە وەرزی داهاتووش ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەی ئیتحاد بەردەوام بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە