بارسێلۆنا سوورە لەسەر گواستنەوەی نیکۆ ویلیامز

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن نیکۆ ویلیامز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی سوورە لەسەر گواستنەوەی نیکۆ ویلیامز، ئەستێرەی لاوی ئیسپانیا و یانەی ئاتلێتیک بیلباو و دەیەوێت لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا یاریزانە بباتە ریزەکانی.
 
بەپێی هەواڵی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا، ئەم هەفتەیە بۆ بارسێلۆنا یەکلاکەرەوە دەبێت، یانەکە دەیەوێت بەر لە گەشتکردنی بۆ ئەمریکا بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ وەرزی نوێ کارەکانی گواستنەوەی نیکۆ ویلیامز یەکلابکاتەوە، بۆ ئەوەی نەکەوێتە نێو دۆخێکی خراپەوە بۆ تۆمارکردنی ناوی یاریزانان.
 
سەرچاوەکە دەڵێت "یانەی بارسێلۆنا بە نیکۆ ویلیامزی گوتووە، هەرچی زووە وەڵامی یانەکە بداتەوە بۆ ئەوەی بگەنە بڕیاری کۆتایی، ئەگەر هاتوو نیکۆ ویلیامز بەنەخێر وەڵامی بارسێلۆنا بداتەوە، یانەکە راستەوخۆ هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی دانی ئۆلمۆ دەستپێدەکات."
 
نیکۆ ویلیامز بەر لە دەستپێکردنی یارییەکانی یۆرۆی 2024 ئامانجی بارسێلۆنا، دوای ئەوەی یاریزانەکە لە یۆرۆدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت، یانەکە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی ئەو یاریزانە چڕتر کردەوە.
 
پێشتر لە وەڵامی پرسیارێکدا ئایا توانای گرێبەستکردنیان لەگەڵ نیکۆ ویلیامز هەیە؟ خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا گوتبووی "دەتوانین لە رووی داراییەوە گرێبەستەکە ئەنجامبدەین."
 
نیکۆ ویلیامز گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئاتلێتیک بیلباو لە هاوینی 2027 کۆتاییدێت، بارسێلۆنا دەیەوێت لەگەڵ ئاتلێتیک بیلباو بگاتە رێککەوتن بۆ ئەوەی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە جێبەجێ بکات و ئەو یاریزانە 22 ساڵە پەیوەندی بە بلاوگراناوە بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە