پاریس و ئێمباپێ گەیاندیانە مریشکەڕەشە و ریال مەدرید چاوەڕێیە

 
رووداو دیجیتاڵ

پەیوەندییەکانی نێوان یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەکە لەوپەڕی خراپیدان و داهاتووی یاریزانەکە لەگەڵ یانەکە روون نییە.
 
دوورخستنەوەی ئێمباپێ لە کەمپی مەشقەکانی یانەی پاریس سانجێرمان بۆ ئاسیا، یاریزانەکە و نزیکەکانی بەتەواوی تووشی سەرسوڕمانکرد و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئێمباپێ ئامادەنییە نەرمی بنوێنێت و بە داواکاریی یانەکە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رازی ببێت.
 
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی نووسیوویەتی "ئێمباپێ و نزیکەکانی لەو بڕوایەدانەبوون ئێمباپێ لە گەشتەکەی ئاسیا دووربخرێتەوە، کاتێکیش ئەو بڕیارە دراوە ماڵباتی یاریزانەکە تووشی شۆکبوون، جگە لەوەش تووڕەن لە کارگێڕیی یانەی پاریس سانجێرمان، لەکاتێکدا یانەکە نایەوێت ئەو یاریزانە لە هاوینی ساڵی داهاتوودا بێبەرامبەر لە یانەکە بڕوات."
 
بەپێی رۆژنامەکە، ئێمباپێ دەیەوێت وەڵامی ئەو بڕیارەی پاریس سانجێرمان بداتەوە، بۆ ئەوەش یاریزانەکە ئامادەیە بەدرێژایی وەرزی داهاتوو لەسەر کورسی یەدەگ دابنیشێت و سەیری یارییەکان بکات، بۆ ئەوەی هاوینی داهاتوو بەشێوەیەکی بێبەرامبەر پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە بکات.
 
موندۆ دیپۆرتیڤۆ دەڵێت "کەسێکی نزیکی ئێمباپێ گوتوویەتی کە ئێمباپێ ئامادەیە قوربانی بە هەموو شتێک بدات، بەبێ ئەوەی بەدرێژایی وەرزەکە یاریی بکات و ئەوە تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەیە."
 
جگە لەوەش پلانی کیلیان ئەوەیە کە ئێستا هیچ قسەیەک لەبارەی ئەو رووداوانەوە نەکات کە روودەدەن، بۆ ماڵبات و نزیکەکانیشی ئەمە راستە.
 
شەوی هەینی یانەی پاریس سانجێرمان بڕیارییدا ئێمباپێ لە لیستی یاریزانەکانی بۆ گەشتەکەی ئاسیا دووربخاتەوە و ئەمڕۆ یانەکە بەبێ ئەو یاریزانە گەیشتە ژاپۆن، لەکاتێکدا چەند رۆژی رابردوو ئێمباپێ بەشێوەیەکی ئاسایی مەشقیکردووە و لە فەرەنسا بەشداریی لە یارییەکی دۆستانەی یانەکەدا کرد.
 
ئەمڕۆ سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی فەرەنسا و سعودیە بڵاویانکردەوە، یانەی هیلالی سعودی خۆی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە ئامادەدەکات و ئامادەیە دەستەوارەیەکی خەیاڵی و گەورە پێشکێشی یاریزانەکە بکات.
 
رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی دەڵێت "دەستەوارەی سعودیە بۆ گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ زیاترە لە 222 ملیۆن یۆرۆ، کە پاریس سانجێرمان پێشتر ئەو پارەیەی بە گواستنەوەی نەیمار داوە."
 
رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت نووسیوویەتی "یانەی هیلالی سعودی دەیەوێت بە گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ، قەرەبووی لەدەستدانی لیۆنێل مێسی بکاتەوە، بۆ ئەوەش هەنگاوەکانی دەستپێکردووە."
 
بڵاوبوونەوەی هەموو ئەم هەواڵانە لەکاتێکدایە، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ماوەیەکی زۆرە کار بۆ گواستنەوەی ئێمباپێ دەکات، میدیای ئیسپانیا دەڵێت "ریال مەدرید لەسەر مەرجە تاکەکەسییەکان لەگەڵ ئێمباپێ رێککەوتووە و مووچەی یاریزانەکە لەو یانەیە 60 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، ئەگەر گرێبەستەکەی واژۆکرا."
 
ئێستا پاریس سانجێرمان بڕیارییداوە یاریزانەکە بفرۆشێت و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو یانانە بکات، کە دەیانەوێت یاریزانە فەرەنسییەکە بگوازنەوە، بەڵام ئامادەنییە بەبێ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، وەرزی داهاتوو ئێمباپێ لە یانەکە بمێنێتەوە، چونکە لەو دۆخەدا لە ساڵی 2024 کیلیان دەتوانێت بێبەرامبەر لە یانەکە بڕوات.
 
گرێبەستی کیلیان ئێمباپێ لە ساڵی 2022 نوێکراوەتەوە، یاریزانەکە ساڵانە 75 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچە لە یانە فەرەنسییەکە وەردەگرێت، بەپێی بەندێکی گرێبەستەکەی هەردوولا لە ئەگەری رێککەوتن دەتوانن گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2025 نوێبکەنەوە، بەڵام ئێمباپێ ئامادەنییە کار بەو بەندەی گرێبەستەکەی بکات.