"ئێمباپێ نزیکە لە هیلال"

22-07-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ خولی رۆشنی سعودی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فابریزیۆ رۆمانۆ، بۆمبێکی گەورەی تەقاندەوە و رایگەیاند کە سندوقی وەبەرهێنانی سعودی ئامادەیە دەستەوارەیەکی خەیاڵی پێشکێشی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی پاریس سانجێرمان بکات.
 
بەقسەی رۆمانۆی پسپۆڕ و شارەزای بەنێوبانگ لە بواری گواستنەوەی یاریزاناندا، سعودیە بە کردەنی ئێمباپێی دەوێت و دۆخی ئێستای یاریزانەکەش لەوانەیە ببێتە هۆکاری رۆیشتنی یاریزانەکە بۆ خولی رۆشنی سعودی.
 
وەک فابریزیۆ باسی دەکات، سعودیە رازییە ئەگەر بۆ ساڵێکیش بێت ئێمباپێ بچێتە خولی سعودی بۆ ئەوەی ساڵی دواتر هەر یانەیەکی ویست بچێتە ریزەکانی، کە بێگومان ئەمە باشترین رێگەچارەیە بۆ رازیکردنی هەموو لایەک.
 
پاریس سانجێرمان دەیەوێ یاریزانەکە ئەم هاوینە بفرۆشێت بۆ ئەوەی هاوینی داهاتوو بەبێ بەرامبەر نەڕوات. ریال مەدریدیش ئامادە نییە 200 ملیۆن یۆرۆ بۆ کڕینی بدات، هەروەها خودی یاریزانەکەش ئامادەیە ئەمساڵ لە پاریس بمێنێتەوە بۆ ئەوەی پاداشتەکەی بدات، بۆیە ئەگەر ئێمباپێ ساڵێک بچێتە خولی رۆشن، سعودیە ئامادەیە 200 ملیۆن یۆرۆ بداتە پاریس سانجێرمان و رازی بکات، هەروەها ئامادەیە پاداشتەکەی کیلیانیش، کە لە پاریس داوا دەکات بدات، رازییە مەرجی ئەوەش بۆ ئێمباپێ دابنێت کە دوای تەنیا ساڵێک بتوانێت بڕواتە ریزەکانی ریال مەدرید.
 
بەگوێرەی قسەکانی رۆمانۆ، ریال مەدرید هێشتا هەڵوێستێکی روونی نیشان نەداوە، ئێمباپێش ئامادەیە ساڵێکی دیکە چاوەڕوان بێت، بەڵام هێشتا هیچ یانەیەک بەفەرمی دانوستاندنی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئیمباپێ دەستپێنەکردووە.
 
ئەمڕۆ میدیاکانی سعودیە رایانگەیاند، یانەی هیلالی سعودی ئامادەیە کیلیان ئێمباپێ بە 200 ملیۆن یۆرۆ لە پاریس سانجێرمان بکڕێت و 400 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچەی ساڵێک پێیبدات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە